پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاگاداری سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت پەخشکەرانی لایڤ لە پلاتفۆرمی "تیکتۆک" دەکاتەوە کە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان و بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێکی نەگونجاو بە تەواوی قەدەخەیە؛ دەشڵێت: هەر کەسێک سەرپێچی سەرپێچی بڕیارەکە بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا، ئاگادارییەکی گرنگ و بە پەلەی ئاراستەی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە کرد کە بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە پلاتفۆرمی "تیکتۆک" لە رێگەی دەرکەوتن و ئەنجامدانی پەخشی راستەوخۆوە (لایڤ) چالاکی ئەنجام دەدەن.
بە پێی راگەیەنراوەکەی پۆلیس، لەپێناو پاراستنی دابونەریت و کولتووری گشتیی کۆمەڵگە و پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی دیاردە نەخوازراوەکان، لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وشەی نەشیاو بەکاربهێنرێت، یان جنێو و سووکایەتی بە کەسایەتیی یەکدی بکرێت، هەروەها بڵاوکردنەوەی هەر وێنە و ناوەڕۆکێکی نەگونجاو کە پێچەوانەی ئادابی گشتی بێت، بە تەواوی قەدەخەیە.
پۆلیسی هەولێر روونی کردووەتەوە، کە ئەم جۆرە رەفتار و دەرکەوتنانە، سەرەڕای ئەوەی دژ بە بەها و بنەما کۆمەڵایەتییەکانن، هاوکات دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبوونی چەندین کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەنجامدانی تاوانیش؛ بۆیە هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارانە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوە و رێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر مەرجێکی نوێی بۆ ئەنجامدەرانی لایڤ راگەیاندووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا، سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن.
ئامانج لەم سەردانە، وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بریتییە لە:
کردنەوەی پەڕاو و دۆسیەی فەرمیی تایبەت بۆ هەر کەسێک کە لایڤ ئەنجام دەدات.
پڕکردنەوە و واژۆکردنی بەڵێننامەی یاسایی لەسەر پابەندبوون بە یاسا و رێساکان.
وەرگرتنی رێنماییە فەرمییەکان تایبەت بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هۆشداریی داوە کە هەر کەسێک لە ماوەی دیاریکراودا پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت و سەردانی پۆلیس نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر یاسادا و رێکاری پێویستی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.