ئیخڵاس دلێمی: سبەی یان دووسبەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بە ئەگەری 100%، سبەی یان دووسبەی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رەوانە دەکرێن. هاوکات ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە لە مانگی داهاتووەوە مووچەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک پاکێج و لە هەمان رۆژدا خەرج بکرێت.
سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆبوونەتەوە و سەرجەم داواکاری و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی یاسای بودجە و مسۆگەرکردنی پشکی دارایی هەرێمی کوردستان پێ گەیاندووە.
ئیخڵاس دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، نوێنەرانی کورد ئامادەییی تەواویان دەربڕیوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆیەکی بونیاتنەر و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا، لەسەر سەرجەم ئەو دۆسیە و کێشانەی کە ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
سەبارەت بە پرسی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدگایەکی روونی خستووەتەڕوو و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە، بە یەک پاکێج و لە هەمان رۆژدا خەرج بکرێت. ترۆپکی هەڵوێستی سەرۆکوەزیران ئەوە بووە کە دادپەروەری پەیڕەو بکرێت و نابێت مووچەی پارێزگایەک پێش بخرێت لە کاتێکدا مووچەخۆرانی پارێزگایەکی دیکە چاوەڕوان بن.
دلێمی پێشبینیی خۆی لە بارەی ئەم بڕیارەوە دەربڕی و گوتی: پێم وایە لە مانگی داهاتووەوە ئەم سیستەمە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و مووچەی سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە خەرج دەکرێت.
ئیخڵاس دلێمی پەیامێکی دڵنیاکەرەوەی ئاراستەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی ئەم مانگە جەختی کردەوە، پێم وایە یان سبەی یان دووسبەی، بە دڵنیاییی 100% شایستەی دارایی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رەوانە دەکرێت؛ ئەگەر سبەینێش نەبێت، بە دڵنیاییی تەواوەوە دووسبەی پارەکە دەنێردرێت.