پزیشکیان: ئەگەر هەزاران کەسی وەک من بکوژرێن، گەلەکەمان چۆک دانادات
مەسعود پزیشکیان: بڕینی گاز و کارەبای کەرتی بەرهەمهێنان وڵات بەرەو کارەسات دەبات
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی وڵاتەکەی، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و نەیارانی تاران کرد و رایگەیاند، تەنانەت ئەگەر هەزاران کەسی وەک ئەویش تیرۆر بکرێن، ئەگەر گەل لەگەڵ دەسەڵاتدا بێت نەیارەکانیان ناتوانن ناچاریان بکەن چۆک دابدەن؛ هاوکات هۆشداری دا لە مەترسیی داڕمانی کەرتی بەرهەمهێنان لە وڵاتەکەی دەدات.
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکیدا بۆ پارێزگاران، سەرۆک شارەوانییەکان و فەرماندەکانی ئێران، سەرنجی خستە سەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و دۆخی ئاڵۆزی ئابووریی وڵاتەکەی لە سایەی قەیرانی وزە و هەڕەشە ئەمنییەکاندا.
پزیشکیان سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر دەسەڵاتدارانی وڵات گوتی: بۆ نموونە با بێن من تیرۆر بکەن، یاخود هەزاران کەسی وەک من بکوژن؛ ئەگەر خەڵک لەگەڵماندا بێت، ئەوان هیچ هەڵەیەکیان پێ ناکرێت بەرامبەر ئەم وڵاتە. دەبێت بە کردەوە پیشانی گەلی بدەین کە ئێمە نەهاتووین ببینە ئاغا بەسەریانەوە، بەڵکو هاتووین خزمەتیان بکەین. ناکرێت خۆمان لە ژووری گەورە و خۆشدا دابنیشین و بە نادروستی وزە بەفیڕۆ بدەین، کەچی بە خەڵک بڵێین دەست بە کەرەستە و وزەوە بگرن.
سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریی دا لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی پچڕانی کارەبا و گاز لە کەرتی بەرهەمهێنان و رایگەیاند: ئەگەر کارگەیەک بەهۆی نەبوونی گاز و کارەباوە دابخرێت، کرێکارەکان بێکار دەبن، بێکارییش دەبێتە هۆی گرانی، هەڵئاوسان و لە پشت ئەوانیشەوە هەژاری رەها. ئێمە چەند یارمەتیی دارایی دابەش بکەین، ئەگەر خەڵک کار و بەرهەمی نەبێت بێسوودە. پێویستە دەرفەت بدەین بەرهەمهێنەر لەسەر پێی خۆی بوەستێت نەک بە قەیرانی وزە بڕووخێت.
پزیشکیان هەروەها گوتی: "تەنانەت ئەگەر پێویست بکات ناوەندە ڕۆشنبیری و لاوەکییەکان دابخەین و کارەباکەیان بدەینە کەرتی پیشەسازی تا چەرخی بەرهەمهێنان نەوەستێت، دەبێت بیکەین؛ ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیی زۆر گەورەتری دەبێت وەک لە هەزاران وتار و پڕوپاگەندەی بێکردار."
لە درێژەی پەیامەکەیدا، مەسعود پزیشکیان داوای لە بەرپرسانی پارێزگاکان، شارەوانییەکان، پێشنوێژانی هەینی و سوپای پاسداران کرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەست بە وزەوە بگرن تا پیشەسازی لە کار نەکەوێت و جەختی کردەوە: بۆ ئەوەی گاز و کارەبا لەسەر بەرهەمهێنان نەبڕدرێت، من خۆم ئامادەم کارەبای ژوورەکەم ببڕم و گەرمکەرەوەی ژوورەکەم بکوژێنمەوە، بەڵام هەرگیز رێگە نادەم گەرمی و جووڵەی کەرتی بەرهەمهێنان بوەستێت.
سەرۆککۆماری ئێران هێمای بۆ ئەوە کرد کە تەنیا بە پاراستنی کارگەکان و هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکدا دەتوانن متمانەی گشتی بەدەستبهێننەوە و رێگری لەوە بکەن کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خەیاڵی ئەوە بکەن دەتوانن بە گوشاری ئابووری و سەربازی، گەلی ئێران ناچار بە تەسلیمبوون بکەن.