راپرسییەکان: دیموکراتەکان لە لێواری کۆنترۆڵکردنەوەی کۆنگرێسن
ملیۆنان هاووڵاتیی ئەمریکی لە 50 ویلایەتی ئەو وڵاتەدا بەشدار دەبن لە دەنگدانی هەڵبژاردنی نیوەی خول، کە وەک راپرسییەکی سەرتاسەری لەسەر دوو ساڵی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ تەماشا دەکرێت. بەپێی دوایین پێشبینی و راپرسییەکان، بەهۆی ناڕەزایەتیی قووڵی خەڵک لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی سووتەمەنی و جەنگی هەشت مانگەی دژ بە ئێران، پارتی دیموکرات لە لێواری کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و تەنانەت ئەنجوومەنی پیراندایە؛ لە بەرامبەریشدا ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکات کە لە ئەگەری دۆڕاندنیدا ڤیتۆی هەموو شتێک دەکات.
رۆژی سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی ئەمریکا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و 36 پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکان بەڕێوەچوو. ئەم ململانێیە دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە دوو ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەیدا یەکلایی دەکاتەوە؛ ئایا کۆمارییەکان باڵادەستیی خۆیان دەپارێزن، یاخود دیموکراتەکان دەسەڵاتی لێپێچینەوە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە ئیدارەکەی بەدەستدەهێننەوە.
لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دیموکراتەکان تەنیا پێویستیان بە زیادکردنی سێ کورسییە تاوەکو بەربەستی 218 کورسی ببڕن و زۆرینە لە کۆمارییەکان بسەننەوە. لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا کە ئێستا کۆمارییەکان بە 53 بەرامبەر 47 کورسی پێشەنگن، دیموکراتەکان پێویستیان بە بەدەستهێنانی چوار کورسی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی باڵادەستی.
بەپێی دواین پێشبینیی پەیمانگەی Decision Desk HQ، چاوەڕوان دەکرێت دیموکراتەکان 241 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەرامبەر 194 کورسی بۆ کۆمارییەکان ببەنەوە، هاوکات لە ئەنجوومەنی پیرانیشدا زۆرینەیەکی کەم بەدەستبهێنن بە 52 کورسی بەرامبەر 48 کورسی.
شەڕی ئێران و باجی گران؛ رقی شەقام لە ترەمپ
بەپێی راپرسییەکانی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"، تەنیا 35%ی هاووڵاتییانی پێگەیشتووی ئەمریکا لە ئەدای دۆناڵد ترەمپ رازین و نزیکەی 70% پێیان وایە وڵاتەکە بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە هەنگاو دەنێت. تەنیا 25%ی خەڵک لە سیاسەتی ئابووریی ئیدارەکەی رازین، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی هەشت مانگەی دژ بە ئێران نرخی بەنزین بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ و دیزڵ بە نزیکەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە.
گابرێل شلوتەر، هاووڵاتییەکی خانەنشینی تەمەن 69 ساڵ لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئاراستەی وڵات زۆر خراپە؛ ئابووری و نرخی هەموو شتێک بەرز بووەتەوە و بارگرانییەکی قورس لەسەر ژیانی رۆژانە دروست بووە." هاوکات دەنگدەرێکی دیکە لە واشنتن بە ناوی وێس پیرۆن رەخنەی لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و گوتی: "بەڵێنی ترەمپ ئەوە بوو کە شەڕی نوێ هەڵناگیرسێنێت، کەچی پێچەوانەکەی کرد و تووشی جەنگێکی تەمومژاوی بووین لەگەڵ ئێران کە ئامانجەکانی نادیارن."
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە دواین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" بەرگری لە تۆماری کارەکانی کرد و گوتی: "هەموو شتێک بە باشی دەڕوات و کێشەی هەڵئاوسان چارەسەر کراوە؛ ئێمە وڵاتمان لە رێگەی گەمارۆدانی ئێران، توندکردنەوەی سنوورەکان و باجی گومرگییەوە بونیاد ناوەتەوە و ئەنجامەکان زۆر لەوە باشتر دەبن کە خەڵک بیری لێ دەکاتەوە."
گۆڕەپانە گەرمەکانی ئەنجوومەنی پیران
کێبڕکێی ئەم خولە بۆ ناو قووڵایی ئەو ویلایەتانە پەلی هاویشت کە پێشتر بە قەڵای کۆمارییەکان دەناسران:
تەکساس: جەیمس تالاریکۆی دیموکرات هەوڵی مێژوویی دەدات بۆ شکاندنی کین پاکستۆنی کۆماری و نزیک لە ترەمپ.
کارۆلینای باکوور: رۆی کووپەری دیموکرات پێشەنگی راپرسییەکانە بەرامبەر مایکڵ واتلی.
میشیگن: کێبڕکێیەکی ئاڵۆز لە نێوان عەبدول سەیدی پێشکەوتنخوازی دیموکرات لە بەرامبەر مایک رۆجەرزی کۆماری؛ ئەم ویلایەتە گرژیی ناوخۆیی بەخۆوە بینی کاتێک هەیلی ستیڤنسی پەرلەمانتاری دیموکرات لەبری کاندیدی پارتەکەی، پشتیوانیی خۆی بۆ کاندیدە کۆمارییەکە ڕاگەیاند.
ئالاسکا و ئۆهایۆ: ماری پێڵتۆلای دیموکرات لە ئالاسکا کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ دان سولیڤان دەکات، و لە ئۆهایۆش شێرۆد براونی دیموکرات لە کێبڕکێدایە لەگەڵ جۆن هیوستدی کۆماری.
کێشەی تەکنیکی و درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان
پرۆسەی دەنگدان بە گشتی بە ئارامی بەڕێوەچوو، بەڵام چەندین لەمپەری تەکنیکی تۆمار کران:
لە کارۆلینای باکوور: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەهۆی پەککەوتنی کۆمپیوتەرەکان لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا، کاتی دەنگدانی لە چەند بنکەیەک لە نێوان 15 بۆ 45 خولەک درێژکردەوە، بەمەش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ویلایەتەکە دواکەوت.
لە پێنسلڤانیا: دادگای ناوچەی چێستەر بەهۆی کێشەی ئامێرەکانەوە کاتی دەنگدانی لە سێ بنکەدا بۆ ماوەی 30 خولەک درێژکردەوە.
لە ویستچێستەری نیویۆرک: کێشەی ئامێرەکانی خوێندنەوەی کارتی دەنگدان وایکرد دەنگەکان بخرێنە نێو کیسەی فریاگوزاری تا دواتر بە دەست بژمێردرێن.
گومانی ترەمپ و ئامادەکاری بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکان
بەر لە دەستپێکردنی رۆژی دەنگدان، زیاتر لە 57 بۆ 59 ملیۆن ئەمریکی دەنگی پێشوەختەیانداوە. کەمپینەکانی ئەم خولە زیاتر لە 11 ملیار دۆلاریان تێدا خەرج کرا و ئیلۆن مەسک بە تەنیا سەدان ملیۆن دۆلاری بەخشییە کۆمارییەکان.
هاوکات چاودێران ترسیان لەوە هەیە کە ترەمپ و باڵی توندی کۆمارییەکان ئەنجامی دۆڕان قبووڵ نەکەن؛ ترەمپ کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا دان بە ئەنجامەکاندا دەنێت، تەنیا گوتی: "ئەگەر پاک بن، قبووڵیان دەکەم.* وەزارەتی دادی ئەمریکاش هەوڵی دا لە دادگاکان رێگری لە پەسەندکردنی دەنگەکانی کالیفۆرنیا و ئالاسکا بکات، بەڵام لە لایەن دادگای باڵاوە رەتکرانەوە.
لە لایەکی ترەوە، سەدان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لەوانەش "ناوەندی کارتر" و "ACLU" زیاتر لە 500 چاودێریان لە ویلایەتی جۆرجیا بڵاوە پێ کرد بۆ رێگریکردن لە چاوترساندنی دەنگدەران.
دۆناڵد ترەمپ کە ئەمشەو لە کۆشکی سپییەوە چاودێریی ئەنجامەکان دەکات، هۆشداریی دا ئەگەر کۆنگرێس بکەوێتە دەست نەیارەکانی ئەوا رێگە لە کارەکانیان دەگرێت و گوتی: هەموو بڕیارێکی دیموکراتەکان ڤیتۆ دەکەم.