رەحمان غەریب هەڵکوتانە سەرماڵی برای سارا موحسین شەرمەزار دەکات
رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەوی رابردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای کردووە کە بە هەڕەشە و فشاری دەروونی کاریگەری نەخرێتە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانتاران، کە بە وتەی ئەو "قسەیەکی جوان بوو".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، رایگەیاند؛ بەیانی ئەمڕۆ سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، درەنگانی شەوی رابردوو هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی، و دوای ئەوەی براکەی لە رێگەی تەلەفۆنەوە پێی وتووە "نەکەیت بەشداری بکەیت ژیانم لە مەترسیدایە"، مۆبایلەکەیان لێ سەندووە، ئەمەش بە خەبەرێکی ناخۆش وەسف دەکات.
رەحمان غەریب ئاماژە بەوە دەکات، دەکرێت باس لە بەزاندنی حورمەتی ماڵان، هەڵکوتانەسەر خەڵک بەبێ فەرمانی دادگا، ئازادیی کاری سیاسی، بوونی ژنان لە ناوەندی بڕیار و مافی ئافرەت و بڕیاری سەربەخۆ نەکرێت، بەڵام دەپرسێت: ئایا راستە هیچی لەسەر نەوترێت بەو پاساوەی کە ئەمە سیاسەتە، یاخود ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییە، یان لەبەر ئەوەی پەرلەمانتارەکە ئەندامی لیستی هەڵوێستە و ناوی لە لیستی کۆبوونەوەی پەرلەماندا هاتووە؟
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، رەحمان غەریب جەختی کردەوە: "کە بتەوێت قسە نەکەیت هەزار پاساو هەیە، بەڵام من بۆ پاساو دەگەڕێم قسە بکەم"، و رایگەیاند؛ وەک هاووڵاتییەکی ئەم نیشتمانە، ئەو هەڵسووکەوتە شەرمەزار دەکات.