کوردستان24 ناوەڕۆکی نامەکەی وەزیری کار بۆ عەلی زەیدی ئاشکرا دەکات

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

کوێستان محەمەد ناوەڕۆکی نامەکەی بۆ کوردستان24 ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، داواکارییەکی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ تۆڕی چاودێریی خێزان و خاوەن پێداویستی تایبەت لە بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2027.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روونیکردەوە، زیاتر لە 100 هەزار خێزانی هەژار و 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت چاوەڕێی وەرگرتنی مافەکانیان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە مووچەی خاوەن پێداویستی لە هەرێمی کوردستان تەنیا 150 هەزار دینارە.

لە نامەکەیدا، کۆمەڵێک داواکاریی خستووەتەڕوو، لەوانە: تەرخانکردنی 467 ملیار دینار بۆ بودجەی ساڵانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها زیادکردنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ 250 هەزار دینار، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

هاوکات کوێستان محەمەد جەختی لەوە کردەوە، داوای دەستپێکردنەوەی تۆماری نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە کە لە ساڵی 2013ـەوە وەستاوە، لەگەڵ تۆمارکردنی 100 هەزار خێزانی هەژار.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکراشیکرد، ئەگەر پێویست بکات، چەندین جاری دیکە سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ ئەوەی ماف و شایستەی خاوەن پێداویستی تایبەت و خێزانە هەژارەکان دەستەبەر بکەن.

بەپێی ماددەکانی 14، 30 و 32ـی دەستووری عێراق، ماف و شایستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خێزانانی هەژار مسۆگەر کراوە و جیاکاری لە نێوانیاندا قەدەغەیە.