پڕۆژەی رووناکی: کارەبای چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر بەکاتی دەبڕدرێت

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی کارەکانی پڕۆژەی رووناکی و بەستنی پێوەری زیرەکەوە، ئەمڕۆ کارەبای ژمارەیەک گەڕەکی شاری هەولێر، سۆران و شەقڵاوە دەپچڕێت و لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە کارەکانی پڕۆژەی رووناکی، بەستنی پێوەری زیرەک و چاکسازی لە تۆڕەکانی کارەبادا، پێدانی کارەبا لە چەندین گەڕەکی سنووری پارێزگای هەولێر رادەگیرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە، پچڕانی کارەباکە کۆمەڵێک گەڕەکی ناو شاری هەولێر و چەند گەڕەکێکی قەزاکانی سۆران و شەقڵاوە دەگرێتەوە.

ئەو گەڕەکانەی لە ناو شاری هەولێر کارەبایان دەپچڕێت بریتین لە: (کورانی ئەلبان، رزگاری، کرێکاران، کوردستان، بەهار، ئازادی، ماجیداوە، راستي، نیشتمان، نەورۆز، ماردین، زانیاری، تەعجیل، عەرەب، منارە، ژیان، تەیراوە، مستەوفی، سەڵاحەدین، کوران عەنکاوە، عەنکاوە، شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، خانەقا، سەیداوە، سێتاقان، کۆماری، رووناکی و مەنتکاوە).

وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، بەپێی پلانی پڕۆژەی رووناکی، دوای کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، کارەکانیان تەواو دەبێت و پێدانی کارەبا لە سەرجەم ئەو گەڕەکانە ئاسایی دەبێتەوە.