شەپۆلێکی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەرێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پیشبینییەکانی کەشوهەوای چوار رۆژی داهاتووی بلاوکردەوە و پیشبینی دەکرێت شەپۆلێکی باران ناوچەکە بگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـ10-2026ـەوە ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست تا یەکشەممە 9ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت و کەشوهەوای ناوچەکە ناجێگیر دەبێت. لەو ماوەیەدا شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە و ئاسمان هەور دەبێت.
ئاماژەی بەوەدا، پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەم، کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت و تەنیا لە هەندێک ناوچە نمەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت.
هەروەها پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی 7ـی تشرینی دووەم، بەهۆی چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆکە، شەپۆلی بارانبارین فراوانتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت بڕی باران بە ملیمەتر لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەمشێوەیە بێت:
هەولێر: 4 بۆ 6 ملم
سلێمانی: 6 بۆ 9 ملم
دهۆک: 2 بۆ 4 ملم
کەرکووک: 5 بۆ 8 ملم
هەڵەبجە: 6 بۆ 9 ملم
ئیدارەی گەرمیان: 7 بۆ 6 ملم
ئیدارەی زاخۆ: 9 بۆ 6 ملم
ئیدارەی سۆران: 12 بۆ 8 ملم
ئیدارەی راپەڕین: 10 بۆ 8 ملم
کەشناسی روونیکردەوە، شەممە 8ـی تشرینی دووەم، چالاکبوونی زیاتری نزمەپاڵەپەستۆکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە کاتی بارانباریندا. لەم رۆژەدا بارانبارین زیاتر دەبێت و هەورەبرووسکە و خێرایی با لەگەڵ ماوەی داباریندا زیاد دەکات.
یەکشەممە 9ـی تشرینی دووەم، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین تا درەنگانی شەو لەسەر ناوچەکان بەردەوام دەبێت. لە بەرەبەیانی دووشەممەشدا کاریگەریی شەپۆلەکە کۆتایی دێت.
پێشبینی بڕی بارانبارین بە ملیمەتر بۆ یەکشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 8 بۆ 10 ملم
سلێمانی: 6 بۆ 8 ملم
دهۆک: 2 بۆ 4 ملم
کەرکووک: 6 بۆ 8 ملم
هەڵەبجە: 6 بۆ 8 ملم
ئیدارەی گەرمیان: 7 بۆ 6 ملم
ئیدارەی زاخۆ: 9 بۆ 6 ملم
ئیدارەی سۆران: 12 بۆ 8 ملم
ئیدارەی راپەڕین: 20 بۆ 15 ملم