خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە مێژوویان دەگاتە 150 ساڵ

ماڵی مەلای گەورە، شوێنی پێگەیاندن و بەرهەمهێنانی هزریی نووسەر و فەیلەسووفی گەورەی کورد، دوای ساڵانێک لە شێواوی و کەلاوەبوون و بەرەو فەوتان چوون، پێش ساڵێک لەلایەن فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە و بە رەزامەندی وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سێ قۆناخی سەرەکی نۆژەنکرایەوە.

خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە بەهۆی تەمەنی درێژ و کەرەستە کۆنەکانیانەوە رووبەڕووی داڕمان دەبنەوە، بۆیە پاراستنی ئەم شوێنە پیرۆزانە بە ئەرکێکی نیشتمانی دادەنرێت و دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارانە بدەن، چونکە بەشێکی گرنگە لە مێژوو کولتووری نەتەوەی کورد.

تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە دەڵێت، بەڕاستی کاتێک بۆ یەکەمجار هاتمە ئێرە زۆر سەرنجی راکێشام، بیرم لەوەدەکردەوە خانوو و ماڵی مەلای گەورە بەو شێوەیەیە؟  ژوور بە ژووری کەلاوەکە گەڕام  و یەکێک لە ژوورەکان کە بەڕاستی زۆر جێگای سەرنج بوو بۆم، دەرگاکەمان کردەوە، ژوورێکی بچووکی دوو بە سێ مەتری بوو، ئەو کەسانەی لێرە بوون پێیان گوتین، ئەو ژوورە ژووری کاک مەسعود محەمەدە. بۆیە گوتم، کەسایەتییەکی گەورە بەو هەموو گەورەیییە لە ژوورێکی دوو بە سێ. لێرە خوێندن و تەدریس و بنەغەی زانست و عیلمی داناوە.  بۆیە بەڕاستی زۆر مەبەستمان بوو کە ئەو شوێنانە بە پیرۆزی بهێڵینەوە.

ئەم ماڵە تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە، بەڵکو ناوەندێکی کراوە بووە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی، تێیدا رێز لە هەموو ئایین و ئاینزاکان گیراوە وەک نموونەیەکی درەوشاوەی لێبووردەیی لە مێژووی شارەکەدا.

یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە دەڵێت، ئێمە وەکو فەرمانگەی شوێنەواری کەلەپووری کۆیە بە گرنگی دەزانین، ئەگەر دارێک لەسەر بەردێ بێنرێ لە لایەنی کەلەپووری و شوێنەوارییەوە، بۆیە زۆر گرنگە هەر شتێک کە دەکرێت بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارانە پەلەی لێبکرێت، چونکە بەشێک لەو ماڵ و شوێنانەی ماونەتەوە لە لێواری داڕمانن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە، ئەگەرنا مەترسی لەناوچوونیان نزیکە، گوتیشی،  لە ساڵی 2024  لەلایەن خێزان و خانەوادەی خوالێخۆشبووان، مەلا گەورە و مەسعود محەمەد، خانووەکەی ماڵی مەلای گەورە پێشکەشی فەرمانگەکەمان کرا، ئێمە لە رێگەی قایمقامی کۆیەوە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و  وەزارەتی شارەوانی، بە سێ قۆناغ ئەم شوێنە کەلەپوورییە نۆژەنکرایەوە و لە لەناوچوون و داڕمان پارێزرا.

دڵشاد ئیسماعیل، نەوەی مەلای گەورەی کۆیە بۆ کوردستان24 گوتی، باوکم بۆی گێراومەتەوە. دەیگوت کوڕم هەموو بنەماڵەی جەلی زادە، ئێواران خواردنمان دروست دەکرد و دەچوینە ماڵی مەلا گەورە، هەر یەکەی خواردنی خۆی لە ناو قاپ و قاپڵەمە دەمانبرد، هەموو پێکەوە نانمان دەخوارد. واتە مەلای گەورە پێگە و کەسایەتیی زۆر زۆر بەهێز بوو.

رۆژێکیشیان لە مزگەوتی گەورە کەسێکی مەسیحی دێت، سڵاو دەکات، مەلای گەورە تەماشا دەکات، هیچ کەسێک لەوانەی دانیشتووان بەخێرهاتنی ناکەن. دەڵێت ئەوە بۆ بەخێرهاتنی ئەو پیاوە ناکەن؟ دەڵێن ئاخر ئەوە مەسیحییە، ئەویش دەڵێت: ئەوە دەڵێن مەسیحی! باشە کاکە پرسیارێکت لێدەکەم، کێ دروستی کرد؟ ئەدی خوا دروستی نەکردیە؟ ئەی خوا ئاینی عیسای دانەبەزاندووە بۆ عیسا؟ بڕۆن کوڕە هەمووتان بەخێرهاتنی بکەن، یەک یەک دەنانێرێت  بەخێرهاتنی دەکەن و دەست لە مەلی دەکەن. دواتر مەلای گەورە روو دەکاتە خەڵکەکە و دەڵێت: کە باسی ئاینی ئاسمانی دەکەین، تەنیا یەک ئایین نییە، بۆیە ئەو خەڵکەش وەکو ئێمە مرۆڤن و مافی ژیان و ئازادییان هەیە، ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر جوانی پێکەوەژیان لە کۆیە و کەسایەتیی مەلای گەورە.