تاران و واشنتن بە نهێنی رێککەوتوون بۆ دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی

سەرەڕای بەردەوامیی جەنگ، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی دانوستانێکی نهێنی لەگەڵ ئێران، هەوڵی رێکخستنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی دەدات. ئەم هەوڵانە لەکاتێکدان کە نیگەرانییەکان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان، هێشتا لە ئارادان.

پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی ئەسۆشێتید پرێس بڵاویکردەوە، بەڵگەنامە دادوەرییەکان پێنجشەممەی رابردوو پردە نهێنییەکانیان لەسەر لادرا، بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی کۆمارییەکان لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری رابردوودا جەختیکردووەتەوە، هێشتا بەنیازی دیپۆرتکردنەوەی ئێرانییەکانە لە رێگەی وڵاتی سێیەمەوە کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، هەرچەندە کاتی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە هێشتا روون نەبووەتەوە.

لەوبارەیەوە ئانا رییس، دادوەری ئەو دۆسیەیە فەرمانی بە حکوومەتی ئەمریکا کردووە، 24 کاتژمێر پێش هەر پلانێکی کۆتایی بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئێرانییەکان بۆ وڵاتەکە یان هەر وڵاتێکی دیکە، دادگا ئاگادار بکاتەوە و پێنج رۆژ بەر لە جێبەجێکردنی هەر پرۆسەیەکی لەو شێوەیەش ئاگادارینامەیەکی نووسراو پێشکەش بکات. بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی شەڕەکەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە پرسی دیپۆرتکردنەوەکان پاراستووە، بەتایبەت لەبارەی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکانی گەشتکردن و گەڕان بەدوای رێگەچارەی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە.

ئانا رییس لە دانیشتنێکی 15ـی ئۆکتۆبەردا گوتی: "ئێمە لە دۆخی شەڕداین لەگەڵ وڵاتێک کە سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا دوو یان سێ رۆژ پێش ئێستا یان رەنگە دوێنێ گوتی، وڵاتێکە کە یاسا تێیدا نەماوە. وڵاتێک کە بەپێی قسەی سەرۆکی ئێستا، دوژمنی ئەمریکایە و دەیان هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە."

ئەو دادوەرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەی ئێوە پێم دەڵێن ئەوەیە کە ئەمریکا کەسانێک دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی مەترسی ببنەوە کە ئێوە دەیزانن، من دەیزانم و هەموو ئەوانەی ئەم دۆسیەیەیان خوێندووەتەوە دەیزانن، کە بە کەمترین ئاست، هەڕەشەیەکی مەترسیداری مەرگی یەکلاییە."

دیمیتار جورجیێڤ-ریمل، پارێزەری وەزارەتی دادی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، بەڕێز دادوەر. حکوومەت فەرمانە یاساییەکانی دیپۆرتکردنەوە جێبەجێ دەکات."

ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی دادوەریی بەردەوامدا ئاشکرا بوون کە ئیدارەی ترەمپ تۆمەتبار دەکات بە هاوبەشکردنی زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە داواکارانی مافی پەنابەریی ئێرانی لەگەڵ حکوومەتی ئێران، ئەوەش بەپێی ئەو یاداشتانەی پێشکەشی دادگا کراون، پێشێلکردنی رێساکانی کۆچبەرانی نیشتمانییە و ژمارەیەکی زۆری ئێرانییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

بەڵگەنامە دادوەرییە نوێیەکان دەریدەخەن کە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا بەردەوام بووە. سکاڵانامەکە باس لە هەڵمەتێکی هەماهەنگکراوی نێوان هەردوو حکوومەت دەکات بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەو ئێرانییانەی لەلایەن دەزگای کۆچبەران و گومرگی ئەمریکاوە دەستبەسەرکراون و فشارخستنەسەریان بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران، ئەوەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە مێژووی دەیان ساڵەی دوژمنایەتی دیپلۆماتیی نێوان هەردوو وڵات.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رەتیکردەوە تۆمارەکانی داواکاریی پەنابەرییان لەگەڵ حکوومەتی ئێران هاوبەش کردبێت. بەپێی راپۆرتەکە، سەدان ئیمەیڵی ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان بەرپرسانی کۆچی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا هەبووە بۆ رێکخستنی گەڕانەوەی زیاتر لە 100 ئێرانی بۆ وڵاتەکە لە رێگەی سێ گەشتی ئاسمانی تایبەتەوە لە نێوان مانگەکانی سێپتەمبەر و دیسەمبەری 2025 و کانوونی دووەمی 2026.

دیپۆرتکردنەوەی ئێرانییەکان بۆ وڵاتەکەیان لە مێژوودا کارێکی دەگمەن بووە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پەیوەندی دیپلۆماتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران و نیگەرانییەکان لە مەترسییەکانی سەر ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە. هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ هەندێکجار کەسانێکی دیپۆرت کردووەتەوە بۆ وڵاتانی دیکە، نەک وڵاتی رەسەنی خۆیان، بۆ ئەوەی بەربەستە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ ئەو حکوومەتانە تێپەڕێنن کە رەتی دەکەنەوە هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.