مافی مرۆڤی یەمەن: حووسییەکان بەرپرسیارن لە هێرشە مووشەکییەکەی پارێزگای تەعز
وەزارەتی مافی مرۆڤی یەمەن رایگەیاند، حووسییەکان بەرپرسیارن لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بازاڕێکی میللیی لە پارێزگای تەعز، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و بریندار بوون.
وەزارەتی مافی مرۆڤی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، حووسییەکان بەرپرسیارن لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بازاڕی میللیی حەزار لە قەزای وازعییە لە پارێزگای تەعز، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و بریندار بوون، ئاماژەی بەوەش دا، هێرشکردنەسەر هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنییەکان لەلایەن حووسییەکانەوە، وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانەی لە بەرەکانی جەنگدا رووبەڕوویان دەبێتەوە.
وەزارەتی مافی مرۆڤ جەختیکردەوە، کار بۆ بەڵگەدارکردنی رووداوەکە دەکەن و لەگەڵ لایەنە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکاندا بەدواداچوونی بۆ دەکەن، بە ئامانجی پاراستنی بەڵگە و شایەتحاڵەکان، دادگاییکردنی بەرپرسانی هێرشەکە و بەدەستهێنانی مافی قوربانییان و کەسوکاریان.
وەزارەت داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد هێرشەکە سەرکۆنە بکەن و پشتیوانی لە هەوڵەکانی لێپرسینەوە بکەن. وەزارەتەکە پێداگریشی لەسەر پێویستیی دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی بەپەلە بۆ برینداران و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بە کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووان کردەوە.
هاوکات دوێنێ هەینی، تۆڕی یەمەنی بۆ ماف و ئازادییەکان رایگەیاند، لە ماوەی 73 کاتژمێردا، 66 تاوان و پێشێلکاریی حووسییەکان لە پارێزگای تەعز تۆمارکران، کە بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حووسییەکان رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بازاڕی حەزار لە قەزای وازعییە، زیاتر لە 30 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون، بەبێ ئەوەی ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی قوربانییان بخاتە روو یان بەڵگەیەک لەبارەی وردەکاریی هێرشەکەوە پێشکەش بکات.