ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ترەمپ، پووتین و شی جینپینگ دەکرێت
بەیژینگ و مۆسکۆ ئاشکرایان کرد، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی لووتکەیەکی مێژوویی سێقۆڵی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی ئاپیک لە شاری شێنژنی چین دەکرێت.
شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە، بەیژینگ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەی سێ وڵاتە زلهێزەکە. بڕیارە ئەم لووتکە سێقۆڵییە لە 18 و 19ی ئەم مانگە لە شاری شێنژن لە باشووری چین ئەنجام بدرێت.
لە مۆسکۆش ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی کرێملن ئامادەکارییەکانی بۆ دانوستانەکان پشتڕاستکردەوە. مارات بەردیێڤ، باڵیۆزی ئەرکە تایبەتەکانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رۆژنامەی ئیزڤێستیای راگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی لەم قەبارەیە، پەیامێکی ئەرێنی و زۆر بەهێز بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت لە کاتێکدا جیهان بەدەست دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆزەوە دەناڵێنێت. تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکەش لەسەر ئەو ئاڵنگارییە هەرە گرنگانە دەبێت کە پێویستیان بە وەڵامدانەوەی دەستەجەمعیی زلهێزەکانی ئێستای جیهانە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆناڵد ترەمپ پێشتر خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ پووتین و شی جینپینگ. شیکەرەوە سیاسییەکانیش پێشبینی دەکەن دۆسیەی جەنگی ئۆکراینا، ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ررەوشی ئابووریی جیهان بخرێنە بەرباس.
هاوکات ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ ئاشکرای کردووە کە لە 10 و 11ی تشرینی دووەمدا گەڕێکی دیکەی دانوستانی سێقۆڵی لە نێوان ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەدەچێت، کە پێشینەیەک دەبێت بۆ کۆبوونەوەکەی شێنژن.
کۆمەڵگەی شرۆڤەکارانی رووسیا کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەم سێ سەرکردەیە بە کۆنفرانسی یەڵتای ساڵی 1945 دەچوێنن کە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بنەماکانی سیستەمی نوێی جیهانیی داڕشت، بەوپێیەی رێککەوتنی ئەم سێ وڵاتە رۆڵی یەکلاکەرەوە لە ئایندەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەگێڕێت.
لە بەرامبەردا، هەندێک لە شارەزایانی رۆژئاوایی لەوانە سون یون لە سەنتەری ستیمسن، پێیوایە چین زیاتر بەدوای وێنەی لووتکەکە و برەودان بە پێگەی خۆیدا دەگەڕێت و چاوەڕوانی ئەنجامی بنەڕەتی ناکرێت، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندییەکانی واشنتن، مۆسکۆ و بەیژینگ لە زۆر دۆسیەدا بە تەواوی دژ بە یەکن.
میدیای فەرمیی رووسیا هاوکات سەرنجی خستووەتە سەر شکستی پارتی کۆماریی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسدا؛ شارەزایانی ئەکادیمیای زانستیی رووسیا ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی باڵادەستیی دیموکراتەکان بەسەر کۆنگرێسدا، ترەمپ لەسەر ئاستی ناوخۆ رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە سیاسەتی دەرەوەدا چالاکتر و شەڕەنگێزتر بێت، بەتایبەت لە پرسی جەنگی ئێران و دەستپێکردنەوەی شەڕی بازرگانی و سەپاندنی باج بەسەر چین و یەکێتیی ئەورووپادا.