ئەمڕۆ مووچەی مانگی 10 دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

بەگوێرەی لیستی دابەشکردنی مووچە و تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"، لەم مانگەدا زیاتر لە 1 ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن.

هەروا بەگوێرەی لیستی دابەشکردنی مووچە ئەمڕۆ خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە مووچە وەردەگرن. هاوکات بەیانی دووشەممە، زیندانیانیە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان ئەنفالکراوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە مووچە وەردەگرن.

دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە دوای ئەوە هات، چوارشەممەی رابردوو، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچە لەلایەن بەغداوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی. بەهۆی تەواوکردنی رێکارە تەکنیکییەکانی سیستەمی (ACH) و هاوکاتبوونی لەگەڵ پشووی کۆتایی هەفتەی بانکەکاندا، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە کەوتە ئەمڕۆ یەکشەممە. لە کۆی ئەو تەمویلەش، وەزارەتی دارایی فیدراڵ 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی و نزیکەی 4.5 ملیار دیناری شایستەی خانەنشینانی بڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە، بانکە بەشداربووەکان نزیکەی 800 ئامێری راکێشانی پارەیان (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە شێوەی 24 کاتژمێری ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوەبچێت. هاوکات 28 هەزار کارتی نوێ لە بانکەکان ئامادەن و داوا لە مووچەخۆران دەکرێت وەریانبگرنەوە؛ هەروەها ئەو 15 هەزار مووچەخۆرەی کە هێشتا کارتەکانیان نەگەڕاوەتەوە، مووچەی ئەم مانگەیان بە کاش پێدەدرێت. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا زیاتر لە 1 ملیۆن و 150 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمارکراون.

بەگوێرەی دابەشبوونی جوگرافیی ئەو مووچەخۆرانەی ئەم مانگە لە رێگەی کارتی بانکییەوە مووچە وەردەگرن؛

لە هەولێر 424 هەزار مووچەخۆر

لە سلێمانی 384 هەزار مووچەخۆر

لە دهۆک 197 هەزار مووچەخۆر

لە هەڵەبجەش 25 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆسەکە سوودمەند دەبن، کە کۆی گشتییان دەگاتە 1,030,000 مووچەخۆر.