سیناریۆیەکانی بەردەم ئایزنکۆت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا مەرسوومی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی بەخشییە گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی پارتی "یەشار" و یەکێک لە دیارترین نەیارەکانی بنیامین ناتانیاهۆ. ئەم هەنگاوە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 27ی تشرینی یەکەم دێت کە تێیدا بلۆکەکەی ناتانیاهۆ زۆرینەی لەدەستدا و ئایزنکۆت زۆرترین پشتیوانیی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا.
لە رێوڕەسمەکەدا لە شاری قودس، ئیسحاق هێرزۆگ روونی کردەوە کە دوای راوێژکارییە چڕەکانی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمانی 26ەمینی ئیسرائیل (کنێست)، 67 پەرلەمانتار پێشنیازیان کردووە گادی ئایزنکۆت رابسپێردرێت، لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ تەنیا لەلایەن 46 پەرلەمانتارەوە پشتیوانیی لێکراوە.
هێرزۆگ جەختی کردەوە، بەپێی یاسای بنەڕەتی و نەریتە دەستوورییەکانی ڕابردوو، ئەرکەکە بەو سەرکردەیە دەسپێردرێت کە زۆرترین چانسی هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی گەورەترین پارتیش نەبێت.
هاوکات سەرۆکی ئیسرائیل هۆشداریدا لە هەڕەشەکانی دەرەوە و گوتی: "ئێران تەنانەت بۆ یەک چرکەش لە پیلان و هەڕەشەکانی ناوەستێت، بۆیە ئیسرائیل لە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە کە پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە."
ئایزنکۆت: مەرجەکانم بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نائاسایی
لە بەرامبەردا، گادی ئایزنکۆت لە گوتاری وەرگرتنی مەرسوومەکەدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی قووڵەوە ڕووی لە خەڵکی ئیسرائیل کرد و یادی قوربانیانی جەنگ و بارمتەکانی کردەوە و گوتی: "ئیسرائیل لە دۆخێکی نائاسایی و سەختدایە. دیموکراسیی ئیسرائیل لە یەکێک لە لاوازترین قۆناخەکانی مێژووی خۆیدایە و شەرعییەتی دامەزراوەکانی دەوڵەت کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بین، مەترسیی ئەوە هەیە بچینە نێو تاریکترین تونێلەکانەوە کە دەربازبوون لێیان بۆ کۆمەڵگەکەمان زۆر سەخت دەبێت."
گادی ئایزنکۆت، فەرماندەی پێشووی سوپای ئیسرائیل و سەرکردەی پارتی یەشار بە شێوەیەکی فەرمی پەیامی خۆی ئاراستەی تەواوی فراکسیۆنەکان و بەتایبەت پارتی لیکود کرد و گوتی: "ئەگەر بە ڕاستی ئەندامانی پارتی لیکود و زایۆنیزمی ئایینی باوەڕیان بە یەکڕیزی هەیە، هەروەک چۆن بە سەرۆکی وڵاتیان گوتووە، ئەوا هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی نەیەن و پشتیوانی لەو حکوومەتە نەکەن کە من سەرۆکایەتیی دەکەم."
ئایزنکۆت جەختی کردەوە کە دەرگای کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نائاسایی نیشتمانی و گوتی: "دەرگام بە تەواوی کراوەیە و دەستم درێژ دەکەم بە دڵێکی ساف و ئامادەییەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە گەورەیی و مەترسیی ئەم کاتە تێدەگەن و ئامادەن هەنگاوێکی بوێرانە لە پێناو دەوڵەتی ئیسرائیل بنێن."
سەرکردەی پارتی یەشار ڕێساکانی بەشداریکردنی لە حکوومەتەکەیدا لە چوار پرەنسیپی سەرەکیدا کۆکردەوە:
1. داننان بە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوو و دیموکراسی.
2. پابەندبوون و قبووڵکردنی بەهاکانی بەڵگەنامەی سەربەخۆیی.
3. پابەندکردنی هەمووان بە خزمەتی سەربازی (سەربازی و مەدەنی) لە پێناو بەهێزکردنی سوپای ئیسرائیل و زیادکردنی ڕیزەکانی.
4. ناساندنی بزووتنەوەی حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و پابەندبوون بە لەناوبردنی تەواوەتیی دەسەڵات و هێزە سەربازییەکانی.
ئایزنکۆت ڕوونی کردەوە: "ڕێساکە زۆر سادەیە؛ ئەگەر ئامادەن واژۆ لەسەر ئەم چوار پرەنسیپە بکەن، ئەوا ئێوە هاوبەشی ئەگەریی ئێمەن لەم حکوومەتەدا."
ئایزنکۆت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتی ناتانیاهۆ و ڕایگەیاند: "ئیسرائیل ئەو ئیمتیازەی نییە کە کات بەفیڕۆ بدات یان بگەڕێتەوە بۆ خولی بێکۆتایی هەڵبژاردنەکان، چونکە ئاڵنگارییەکان یەکجار بەپەلەن. 74 ئەندامی کنێست چیتر متمانەیان بە بەردەوامبوونی ئەم حکوومەتە ماوەبەسەرچووە و سەرۆکەکەی نەماوە. ئەمە دەنگی ڕاستەقینەی گەلە و دەبێت ڕێزی لێبگرین."
ئایزنکۆت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر مەرسوومی ئەمڕۆ ببێتە هۆی پێکهێنانی حکوومەت، ئەوا پێویستی بە هەنگاوی سیاسیی "داهێنەرانە و نائاسایی" دەبێت بۆ ئەوەی دیموکراسیی ئیسرائیل لەم قەیرانە قووڵە ڕزگار بکرێت و ڕێگری لە داڕمانی دامەزراوەکان لە ناوەوە بگرێت.
هەروەها ئایزنکۆت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "ئیسرائیل پێویستی بە حکوومەتێکی نوێیە. پێویستمان بە سەرکردایەتییەکە کە ئەو پرسانە بکاتە پێشینە کە یەکمان دەخەن و زەمینە بۆ قۆناخێکی نوێ لە زایۆنیزم، هاوپشتی و برایەتی خۆش بکات. ئەرکەکە قورسە، بەڵام سەرکەوتن نزیکە. دەبێت ئیسرائیل سەربکەوێت و بە یارمەتیی خودا هەنگاو دەنێین و سەردەکەوین."
هاوکێشەی ژمارەکان لە پەرلەماندا
لە کۆی 120 کورسیی کنێست، بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێویست بە زۆرینەی ڕەهای 61 کورسی هەیە:
بلۆکی ناتانیاهۆ (53 کورسی): هاوپەیمانییە ئایینی و ناسیۆنالیستەکەی ناتانیاهۆ لە 64 کورسییەوە دابەزی بۆ 53 کورسی پارتی لیکود بە تەنیا 27 کورسیی بەدەستهێناوە. لە کاتی ڕاوێژکارییەکاندا پارتی ئۆرسۆدۆکسی یەهوودای تەوراتی یەکگرتوو ئامادە نەبوو دەنگ بە ناتانیاهۆ بدات، بەوەش ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی بە فەرمی پشتیوانییان لێکرد بۆ 46 کەس کەمی کرد.
بلۆکی ئۆپۆزیسیۆن (48 کورسی): چوار پارتی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە پارتی یەشار بە سەرۆکایەتیی ئایزنکۆت 21 کورسی، دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی یائیر گۆلان، پارتی تەگێزەر بە سەرۆکایەتیی نەفتالی بێنێت، و ئیسرائیل بێتینۆ بە سەرۆکایەتیی ئاڤیگدۆر لیبەرمان.
پارتە عەرەبییەکان (19 کورسی): هەردوو لیستی پارتی عەرەبیی 'ڕەعەم' و 'لیستی هاوبەش' پێگەیەکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەیان بەدەستهێنا و بە پشتیوانیکردنی ئایزنکۆت لە بەردەم سەرۆکی دەوڵەت، کۆی دەنگەکانی بەرەی دژە ناتانیاهۆیان گەیاندە 67 کورسی.
سێ سیناریۆ لە بەردەم ئایزنکۆت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی
بەپێی یاسا، ئایزنکۆت 28 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ ڕاگەیاندنی حکوومەتەکەی، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 ڕۆژی دیکە کۆی گشتی 42 ڕۆژ. بۆ بەدەستهێنانی متمانەی 61 پەرلەمانتار لە بەردەم سێ ڕێگەدایە:
1. حکوومەتی کەمینە بە پشتیوانیی دەرەکیی پارتە عەرەبییەکان:
لەم سیناریۆیەدا، چوار پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن 48 کورسی کابینەکە پێکدەهێنن و پارتە عەرەبییەکان لە دەرەوەی حکوومەت دەنگی پێویستیان پێدەبەخشن لە بەرامبەر دابینکردنی بودجە بۆ شارۆچکە عەرەبییەکان و خزمەتگوزاری، بەڵام ئەم بژاردەیە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی توندی ئاڤیگدۆر لیبەرمان بووەتەوە، لە کاتێکدا یائیر گۆلانی سەرکردەی دیموکراتەکان پشتیوانی لێدەکات. هاوکات ئایزنکۆت مەرجی داناوە کە دەبێت هەر لایەنێکی بەشدار دان بە ئیسرائیلدا بنێت وەک دەوڵەتێکی جوو و حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.
2. هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە ئۆرسۆدۆکسە توندڕەوەکانی جوو (حاریدییەکان):
هەردوو پارتی شاس و تەوراتی یەکگرتوو خاوەنی 13 کورسین، ئەگەر بێنە پاڵ بلۆکەکەی ئایزنکۆت، ژمارەی کورسییەکان دەگاتە 61 کورسی. بەڵام ئاستەنگی سەرەکی لێرەدا پرسی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێیە بۆ گەنجانی حاریدی؛ ئایزنکۆت کە فەرماندەی پێشووی سوپایە پێداگری لەسەر یەکسانیی خزمەتی سەربازی دەکات، هەرچەندە لیبەرمان ئاماژەی بە ئەگەری سازشکردن داوە.
3. حکوومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی بە بەشداریی پارتی لیکود:
لەم بژاردەیەدا حکوومەتێکی هاوبەش لە نێوان یەشار، بێنێت، لیبەرمان و لیکود دروست دەبێت کە 67 کورسی دەبێت. ناتانیاهۆ پێشتر داوای ئەم حکوومەتەی کردبوو، بەڵام پارتی یەشار مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت لیکود هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی وەک بن گڤیر و سمۆتریچ هەڵبوەشێنێتەوە و دەستبەرداری ناتانیاهۆ ببێت.
سیاسەتی داهاتووی کابینەی ئایزنکۆت؛ ناوخۆ و دەرەوە
شیکارە سیاسییەکان پێشبینی دەکەن هاتنە سەرکاری ئایزنکۆت گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆیی ئیسرائیلدا دروست بکات، لەوانە: هەڵوەشاندنەوەی هەموارکردنەوەی دادوەریی ناتانیاهۆ، پێکهێنانی لێژنەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، و دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگری لەو کەسانە بکات ببنە سەرۆکوەزیران کە دۆسیەی دادگاییان لەسەرە.
سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین، شارەزایان پێیانوایە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕوونادات؛ ئایزنکۆت دژی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە و پێشتریش بیرۆکەکەی بە وەهم ناوبردووە، هاوکات داکۆکیکاری عەقیدەی زاحیەیە کە لە جەنگی 2006ی لوبناندا بەکاریهێنا بۆ وێرانکردنی ژێرخانی سەر بە حزبوڵڵا، و سوورە لەسەر لەناوبردنی باڵی سەربازیی حەماس لە کەرتی غەززە، بەڵام ڕەنگە ڕێگری لە دەستدرێژیی توندڕەوانی جولەکە لە کەناری ڕۆژئاوا بکات.
ئەگەر لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا ئایزنکۆت نەتوانێت متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەوا سەرۆکی ئیسرائیل دەرفەتەکە دەداتە کەسێکی دیکە، یاخود وڵاتەکە بەرەو شەشەمین هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاو دەنێت.