هەولێر و بەغدا تاوتوێی پشکی هەرێمی کوردستانیان لە بودجە کرد

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە بەغدا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027، بە بەشداریی ژمارەیەک لە وەزیرانی فیدراڵ و میوانداریکردنی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە بەغدا بڵاوی کردەوە، محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران، لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆ و تاوتوێکردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ ساڵی 2027.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، میوانداری شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێکهاتبوو لە وەزیری سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق؛ ئەمەش بە مەبەستی تەواوکردنی دانوستان و گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا.

بە پێی راگەیەنراوەکە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر پرسە داراییە هەستیارەکان کرد، لەوانە: دۆسیەی قەرەبووی مووچەی فەرمانبەران و شایستەی دارایی خانەنشینان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، لە پاڵ چۆنیەتیی هەژمارکردن و رێکخستنی خەرجییە سیادی و حاکیمەکان لە بودجەی ساڵی 2027ـدا.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی لە خەرجیی راستەقینە جیا بکرێتەوە و وەک ساڵانی پێشوو تێکەڵی خەرجییەکان نەکرێت، بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دروست نەبێت، کە بۆ ساڵی 2027 بڕی 11 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ کۆی گشتیی مووچەی هەرێم دیاریکراوە.

هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لە 12.67% بەرز بکرێتەوە بۆ 14.14% سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش، تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە 425 هەزار بەرمیل دیاریکراوە و رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان تاوتوێ کرا، چونکە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێشتر ئەم بڕگانەی لە رەشنووسەکەدا جێگیر نەکردبوو.