سێ تۆمەتبار بە تاوانی کوشتن دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند، کە لە دوو رووداوی جیاوازدا لە هەولێر دەستیان لە کوشتنی دوو کەسدا هەبووە.
لەبارەی رووداوی یەکەم، پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نێوان زاوا و خەزوور لە گەڕەکی منارە، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەناو کۆڵانێکدا چەک بەکارهێنرا و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان کەسوکاری هەردوولادا روویدا.
لەو شەڕەدا تۆمەتبارەکە تەقەی کرد و یەکێک لە ئەندامانی خێزانی خەزوورانی براکەی کوشت. پاشان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش، تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا.
سەبارەت بە رووداوی دووەم، پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد، دوو تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران، کە لە کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵدا لە پێشانگای علووجان بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی 30 ساڵ پیش ئێستای نێوان دوو خێزانی کەسوکاری یەکتر، رووبەڕووی یەک بووبوونەوە و هاووڵاتییەکیان کوشتبوو.
هەردوو تۆمەتبارەکە دوای تاوانەکە بۆ ماوەیەک هەڵاتبوون، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکران.