هاوپەیمانیی نیشتمانی پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات

هاوپەیمانیی نیشتمانی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەن و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لە گرنگیی ئەم هەنگاوە دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاراستنی مافەکان و چەسپاندنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، هاوپەیمانییەکە لە راگەیەندراوێکدا بە پێویستی دەزانێت دیالۆگی سیاسی وەک رێگەیەک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە عێراق و ناوچەکە بەدەست ئاڵەنگارییە سیاسی و ئەمنییەکان و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانەوە دەناڵێنن.

هاوپەیمانیی نیشتمانی دووپاتیدەکاتەوە، دیالۆگی نیشتمانی و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکانە، بە جۆرێک کە مافە دەستوورییەکان بپارێزێت و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات و بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاوپەیمانیی نیشتمانی، بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە دەکات کە کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج و رەتکردنەوەی تەواوەتیی خۆی بۆ هەر پەلامارێک دەردەبڕێت کە دامەزراوە ئابوورییەکان بکاتە ئامانج یان هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری دروست بکات.

هاوکات هاوپەیمانییەکە ستایشی رێکارەکانی حکوومەت دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی تێیدا تێوەگلاون و رادەستکردنی ئەنجامدەرانی بە دادگا، تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی نیشتمانی جارێکی دیکە جەخت لە پێویستیی خستنەپێشی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و رێزگرتن لە دەستوور و سەروەریی یاسا دەکاتەوە، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بکات و یەکڕیزیی عێراق و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی بپارێزێت.