ترەمپ: قەتەر و سعوودییە خوازیاری چارەسەری دیپلۆماسییانەی کێشەی ئێرانن
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند؛ وڵاتانی قەتەر و عەرەبستانی سعوودییە پێیان باشترە ئاڵۆزی و کێشەکانی پەیوەست بە ئێران لە رێگەی دیپلۆماسی و بە شێوازێکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، بەڵام جەختیشی کردەوە کە واشنتن هێشتا ئامادەیە لە کاتی پێویستدا پەنا بۆ هێرشی سەربازی ببات.
دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان سانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، روونی کردەوە کە دەوحە لەگەڵ دۆزینەوەی دەرچەیەکە لە رێگەی لێکتێگەیشتن و چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان لەگەڵ ئێران.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، ریازیش بە هەمان شێوە پاڵپشتی لە رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واشنتن لە ئامادەباشیدایە ئەگەر دۆخەکە پێویست بکات، پەنا بۆ گورزی سەربازی ببات.
ترەمپ جەختیشی کردەوە کە بژاردەی دیپلۆماسی لەسەر مێزە بەڵام بژاردەی سەربازی دەستبەجێ لەبەردەستدایە، و هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیی تەواودان تا لە کاتی پێویست و لە هەر کاتێکدا فەرمانیان پێبدرێت، پێگەکانی تاران بکەنەوە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی هەواڵیی ئاکسیۆس لەسەر زاری دیپلۆماتکارێکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، زنجیرە دیدارەکانی نێوان ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەرێنی بوون و گفتوگۆی چڕیان لەسەر میکانیزمەکانی پێشخستنی رەوتی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران کردووە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە؛ کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کاتی نیوەڕۆدا ئەنجام دراوە و نزیکەی 45 خولەکی خایاندووە، کە تێیدا سەرنج تەواو خراوەتە سەر دانوستان و دۆسیەی دانوستان لەگەڵ ئێران.