فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر رۆزفێڵت گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستیکردەوە، فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیی "یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزفێڵت" گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراوی سنووری بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم). ئەم جووڵەیە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی بوونی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە جەزیرەی راگەیاند، بە گەیشتنی ئەم کەشتییە، ژمارەی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سێ فڕۆکەهەڵگر بەرز بووەتەوە.
فڕۆکەهەڵگری "رۆزفێڵت" لە 27ـی ئەیلوول بنکە دەریاییەکەی لە سان دیێگۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەجێهێشت. دواتریش گەشتێکی بەناو زەریای هێمندا بەرەو خۆرئاوای زەریاکە دەستپێکرد و لەوێ بەشداریی لە مانۆڕی سەربازیی "کین سۆرد 27" لەگەڵ هێزەکانی ژاپۆن کرد، کە لە 29ـی تشرینی یەکەم کۆتایی هات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی پەیمانگەی دەریایی ئەمریکا (USNI News)، گرووپی فڕۆکەهەڵگرەکە لە 6ـی تشرینی دووەم گەیشتە سەنگافوورە و لە بەندەرەکەدا لەنگەری گرت. پاشان لە 8 و 9ـی تشرینی دووەم گەشتەکەی لە رێگەی گەرووی مەلەقاوە بەرەو زەریای هیند دەستپێکردەوە تا گەیشتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا.
بڕیارە "یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزفێڵت" جێگەی گرووپی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" بگرێتەوە، کە لە 19ـی ئابەوە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە.
ئێستا هەردوو فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" و "جۆرج ئێچ دەبلیو بوش" لە چوارچێوەی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە. هاوکات یەکلایی نەبووەتەوە ئایا واشنتن هەرسێ فڕۆکەهەڵگرەکە بۆ ماوەیەک پێکەوە لە ناوچەکە دەهێڵێتەوە، یان دوای گەیشتنی "رۆزفێڵت"، "جۆرج واشنتن" ناوچەکە چۆڵ دەکات.