بەڵگەفیلمی "سلێمانی و سیدنی" لە سلێمانی نمایش دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەڵگەفیلمی "سلێمانی و سیدنی"، نووسین و دەرهێنانی عەتا عوسمان، بە ناونیشانی "دوو رووناکی و یەک خۆر"، لە سینەما سالمی سلێمانی نمایش دەکرێت. 

دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، عەتا عوسمان، نووسەر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەڵگەفیلمە بە ناونیشانی "دوو رووناکی و یەک خۆر" ئامادە کراوە، روایەتێکی مێژوویی و کولتوورییە لەسەر دوو شار کە لە رووی کاتی دامەزراندنەوە نزیکن لەیەک؛ سلێمانی لە ساڵی 1784 و سیدنی ئوسترالیا لە ساڵی 1788 دامەزراون."

عەتا عوسمان سەبارەت بە بەڵگەفیلمەکە گوتی، "بەڵگەفیلمەکە تیشک دەخاتە سەر مێژووی دامەزراندن و گەشەکردنی ئەو دوو شارە، لە رووی کولتوور، پێشکەوتنی شارستانی، شوێنە گەشتیارییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە. بەڵام ئامانجی بەرهەمەکە بەراوردکردنی ئەو دوو شارە و دانانیان بەرامبەر یەکتر نییە، بەڵکو زیاتر هەوڵێکە بۆ ناساندنی مێژوو، تایبەتمەندی و رووە جیاوازەکانیان بە بینەر، بە پشتبەستن بە وێنە و زانیارییە مێژووییەکان."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "لە بەشێکی گرنگی بەڵگەفیلمەکەدا، گرنگیی مێژوویی و رۆشنبیریی سلێمانی دەخرێتەڕوو؛ ئەو شارەی لە ماوەی مێژووی خۆیدا بووەتە مەڵبەندی رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری، هەروەها رۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی یەکەم رۆژنامە و گۆڤار، پێشکەوتنی رۆشنبیری و ئەدەب، پێشکەشکردنی یەکەم نمایشە شانۆییەکان و دامەزراندنی یەکەم قوتابخانەی کچان."

سەبارەت بە مێژووی سیدنی ئوسترالیا، عەتا عوسمان دەڵێت، "لە لایەکی دیکەوە، مێژووی ئوسترالیا و چۆنیەتی گەشەکردنی ئەو وڵاتەش دەخرێتەڕوو، بە تایبەتی سەبارەت بە شاری سیدنی و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی مێژوودا بەخۆیەوە بینیویەتی."

عەتا عوسمان ئاماژەی بەوەش دا، "بۆ دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی بەرهەمەکە، مێژووی هەردوو شارەکە بە وێنە و بەڵگەی بینراو پیشان دەدرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک لێدوانی کەسایەتیی رۆشنبیر و شارەزای هەردوو شارەکە، کە باس لە مێژووی دامەزراندن، پەروەردە، خوێندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان دەکەن."

بەڵگەفیلمی "سلێمانی و سیدنی"، هەوڵێکە بۆ ناساندنی بەشێک لە مێژوو و ناسنامەی شارێکی کوردی، هەروەها کردنەوەی دەرگایەک بۆ بینینی مێژووی ئەو دوو شارەی لە سەردەمێکی نزیکدا دامەزراون، بەڵام هەر یەکەیان رێگای تایبەتی خۆی بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن بڕیوە.