شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆژئاوا لە قامشلۆ بەڕێوەدەچێت
لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆژئاوا بە بەشداریی بەرفراوانی سینەماکاران، دەرهێنەران و هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.
سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند؛ چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبن و 45 فیلمی جۆراوجۆر لەوانە فیلمی سینەمایی درێژ، کورتەفیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتاری نمایش دەکرێن. هاوکات لە پەراوێزی نمایشەکاندا، چەندین وۆرکشۆپ و خولی راهێنانی تایبەت بە بوارەکانی دەرهێنان، نووسینی سیناریۆ، رووناکی و بنەماکانی سینەما بۆ گەنجان و ئارەزوومەندانی بواری هونەری حەوتەم بەڕێوە دەچن.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی سینەماکارانی باشووری کوردستان لە فێستیڤاڵەکەدا، حەسەن عارف، گوتەبێژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە یەکەمین بەشداریی فەرمیی شاندی فێستیڤاڵی دهۆکە لە رۆژئاوای کوردستان و گوتی: پێشوازییەکی زۆر گەرم لە شاندەکەمان کراوە؛ لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی رۆژئاوا کۆبووینەوە و تاوتوێی گۆڕینەوەی ئەزموونەکان و هاوئاهەنگیی زیاترمان کردووە لە داهاتوودا، بەتایبەت لە بواری بەرهەمهێنانی کاری هاوبەشی سینەمایی لە نێوان دهۆک و قامشلۆدا.
گوتەبێژی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک جەختی لەوە کردەوە، هونەر و سینەمای کوردی هەمیشە وەک پردێکی پەیوەندیی نیشتمانی کار دەکەن و گوتی: ئەگەر سنووری سیاسی لە نێوانماندا هەبێت، ئەوا لە رووی کولتوور و هونەرەوە ئێمە یەک میللەتین. سینەماکارانی کورد لە هەر شوێنێک کار بکەن، بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشن. دەرگای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکیش هەمیشە بە کراوەیی لەبەردەم بەرهەمی دەرهێنەرانی رۆژئاوا و سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆژئاوا یەکێکە لە رووداوە گرنگە کولتوورییەکان لە ناوچەکەدا، کە سەرەڕای ئاستەنگ و دۆخی ئاڵۆزی سووریا، هەوڵ دەدات لە رێگەی گێڕانەوەی چیرۆکە مرۆییەکانەوە پێگەی سینەمای کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات.