ئازاد دۆسکی: جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان نادەستوورییە

پارێزەرێکی بەغدا دەڵێت، دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی یاسایی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و سکاڵاکان لەسەر بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران دەبێت لە دادگا کارگێڕییەکانی هەرێم تۆمار بکرێن، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە جیاکردنەوەی سلێمانی لە رووی دەستوورییەوە مەحاڵە.

ئازاد دۆسکی، پارێزەر لە بەغدا، لە میانی بەشداریکردنی لە پۆرتاڵی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ـی کوردستان24 رایگەیاند، پێشبینی دەکرا هەر داواکارییەک بۆ نادەستووری ناساندنی پەرلەمانی کوردستان رەتبکرێتەوە.

دۆسکی روونیکردەوە، دادگای فیدراڵی ئەو جۆرە داواکارییانەی بە "عدم اختصاص" (نەبوونی دەسەڵات) رەت کردووەتەوە، چونکە ماددەی 93ـی دەستوور و یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە (30)ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، تایبەتمەندییەکانی دادگایان دیاری کردووە و ئەو دادگایە ناتوانێت سکاڵای لەو شێوەیە قبوڵ بکات.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەرسێ داواکارییەکەی پێشوو لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتەوە رەت کراونەتەوە.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان لە رووی دەستوورییەوە، ئازاد دۆسکی گوتی: "دروستکردنی هەرێمێک لە سلێمانی لەنێو هەرێمێکی دیکەدا نادەستوورییە، چونکە ماددەکان 116 و 117ـی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستانیان وەک یەکەیەکی جوگرافی و سیاسی ناساندووە و سنوورەکەشی سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی ماددەکان 4 و 7 لە سیستەمی نێوخۆی دادگای فیدراڵی ژمارە یەکی 2025، و بە گوێرەی یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ـی 2005ـی هەموارکراو، و بەپێی ماددەی 93ـی دەستوور، تەنیا سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بۆیان هەیە داوا لە دادگای فیدراڵی بکەن ماددەیەکی دەستوورییان بۆ شی بکاتەوە ئەگەر ناڕوونی تێدا بێت.

دۆسکی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "نەک تەنیا سلێمانی، بەڵکو بەپێی ماددەی 119ـی دەستوور، هەتا هەولێر و دهۆکیش ناتوانن داوای هەرێمی سەربەخۆ بکەن".