دیندار زێباری دەستپێکردنی پلانی نوێی مافەکانی مرۆڤ رادەگەیەنێت

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ داڕشتنی پلانی نوێی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵانی 2026–2030.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کۆبوونەوە و دیالۆگێکی تایبەتدا هات، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکانی عێراق، تۆڕی دادپەروەریی زیندانییان و رێکخراوی رۆزا بۆ پاراستنی ئافرەتان و ژینگە، بەگوێرەی راسپاردەکانی ئاڵقەی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر (UPR)ـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سازکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونی پلانی پێشوو کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگ و کەموکوڕییانەی لە قۆناخی رابردوودا رووبەڕووی جێبەجێکردنی راسپاردەکان ببوونەوە.

هاوکات بەشداربووان تاوتوێی چۆنیەتیی دیاریکردنی پێشینە و ئامانجە ستراتیژییەکان و دانانی بنەمای هاوبەشیان بۆ پلانە نوێیەکە کرد، بە جۆرێک بەرپرسیارێتیی دامەزراوە حکوومییەکان روون بکاتەوە، ئاستی هەماهەنگیی نێوانیان بەهێز بکات و راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بکاتە هەنگاوی کردەیی و بەردەوام.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی پێگە و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، لە پاڵ یەکخستنی هەڵوێستی دامەزراوە حکوومییەکان، لە دیارترین ئامانجەکانی پلانی ستراتیژیی نوێن.

زێباری ئەنجامەکانی پلانی پێشووی خستەڕوو و روونیکردەوە، لەو قۆناخەدا 10 راپۆرتی تایبەتمەند ئامادەکران و چەندین رێکاری پێویست گیرانەبەر، لە پاڵ بەردەوامیی هەماهەنگی، ئاڵوگۆڕی زانیاری و پەیوەندییە فەرمییەکان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی روونکردنەوەی راستییەکان و دەرخستنی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونیشیکردەوە، ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیردا بەدەستیهێناوە لەلایەن چەندین وڵاتەوە ستایشکرا، هاوکات دووپاتیکردەوە گرنگە ئەو هەوڵانە بەردەوام بن و پێگە و ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا بەهێزتر بکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان نەخشەڕێگەی تایبەت بە داڕشتنی پلانە نوێیەکە و میکانیزمەکانی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بەسەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا تاوتوێکرد، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی راسپاردەکان و هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنەکان.

پلانی ساڵانی 2026–2030 ئامانجیەتی چوارچێوەیەکی ستراتیژیی هاوبەش بۆ پێشخستنی دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ دابمەزرێنێت و یەکێتیی هەڵوێست و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە حکوومییەکان جێگیر بکات، بەجۆرێک پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی رۆڵی لە ئاڵقە و کۆڕبەندە مافپەروەرییە نێودەوڵەتییەکاندا مسۆگەر بکات.