سەرۆکوەزیرانی عێراق: قوربانییانی رووداوەکەی پردێ بە شەهید هەژمار دەکرێن
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانێکی دەرکرد بە مەبەستی بە شەهید هەژمارکردنی هەریەک لە هاووڵاتییان موراد زانا و محەممەد هێمن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکارەکانیان، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا سەلمێندرا بەهۆی هەڵەیەکی هێزێکی سەر بە فەوجی دژەتیرۆری کەرکووک گیانیان لەدەست داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تسرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی بڕیارەکە، کە پشت بە راسپاردەی لێژنەی لێکۆڵینەوە دەبەستێت، یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کردەی جەنگی و هەڵە سەربازییەکان ژمارە 20ـی ساڵی 2009ـی هەموارکراو هەردوو قوربانییەکە دەگرێتەوە و کەسوکارەکانیان سەرجەم ماف و ئیمتیازاتە یاساییەکانیان پێ دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ روویدا. لە ئەنجامدا دوو مێردمنداڵێک کوژران، بەگوتەی سوپای عێراق ئەو دوومێردمنداڵە داعش بوون، لای خۆیانەوە دانیشتووانی پردێ بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر رووداوەکە کۆبوونەتەوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا دەکەن بە زووترین کات بکەرانی تەقەکردنەکە دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.
لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاندبوو، بەیانیی رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، کەسوکاری محەممەد هێمن، ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێ بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەیان لە یەکەی پزیشکیی دادی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دۆزییەوە.
کەسوکاری ئەو مێردمنداڵە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ئامادە نین تەرمەکەی وەربگرن، لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرمەکەیان بە ناوی چەکداری داعش رادەستی نەخۆشخانە کردووە. ئەوان ئەو تۆمەتە بە توندی رەتدەکەنەوە و، گوتیان، کوڕەکەیان منداڵ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوی داعشەوە نەبووە، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان بە هەڵە کوشتوویانە و ئێستاش دەیانەوێت وەک "تیرۆریست" لە قەڵەمی بدەن.
بەڵام دوای بەدواداچوونی یاسایی و دەرچوونی بڕیاری دادگا، ناوی راستکرایەوە و وەک شەهید ناسێنرا، پاس ئەوە تەرمەکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە وەرگیرایەوەو بەخاک سپێردرا.
وەک کەسوکارەکەشی ئاماژەیان بۆ کردووە ئەم دۆسیەیە بەکراوەیی دەهێڵنەوەو ئەوان لە خوێنی بەناحەق رژاوی کوڕەکەیان کە تاقانەی حەوت خوشک بووە بە ئاسانی خۆش نابن، چونکە ئەمە غەدرێکی گەورەیە لێیان کراوەو دەبێت سرپێچیکارانی ئەم کردوەیە بەسزای یاسایی بگەن، دەبێت ئەوە روونبکەنەوە کە بۆچی و بەچ بیانوویەک کوڕەکەی ئەوان بەئامانج گیراوەو ئاوا شەهیدیانکرد