وەزیری ناوخۆی عێراق: هەر جووڵەیەکی نەوتی دەرەوەی بودجە بە قاچاخ هەژمار دەکرێت
وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت: لە کەرکووک نەوت بەقاچاخببرێت یان بەسڕە جیاوازیی نییە و سەرەتا لە ناوچەکانی خۆمان دەستمان بە رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچیان کردووە.
یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هەر بەرمیلە نەوتێک بەدەر لە بڕی دیاریکراوی ناو بودجەی گشتی هەناردە بکرێت، بە قاچاخ هەژمار دەکرێت و وەزارەتەکەیان سەرجەم قاچاخچییانی نەوت لە سەرانسەری عێراق راودەنێت.
لە میانی بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراقدا، یاسر مالیکی گوتی:؛ جووڵەی نەوت لە جیهاندا دیار و ناسراوە، بودجەی گشتیی ساڵانە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دیاری دەکات، جا چ لە کەرکووک بێت یان بەسڕە یان هەرێمی کوردستان، هەر جووڵەیەکی نەوتی لە دەرەوەی ئەم چوارچێوانە بە قاچاخ هەژمار دەکرێت".
وەزیری ناوخۆ روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان بێ جیاوازی و جیاکردنی هیچ لایەنێک، بەدواداچوون بۆ سەرجەم کردەوەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە سەرانسەری عێراقدا دەکات. هەروەها روونیکردەوە، دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لە ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای لێپرسینەوە بووە لە سەرپێچیکاران لە ناوچەکانی خۆیانەوە، پێش ئەوەی رێکارەکان بۆ ناوچەکانی دیکە بگوازرێنەوە.
مالیکی جەختیکردەوە، دەستوور نەخشەڕێگەی سەرەکیی کارەکانی وەزارەتەکەیانە و رێکارەکانیش بەپێی دەقەکانی دەستوور و بەبێ هیچ جیاوازییەک دەگیرێنەبەر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مالیکی گوتی: جووڵەی نەوت بەپێی میکانیزمی تۆمارکردن و بەدواداچوونی ناسراو لە ئاستی جیهانیدا دەبێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەوت بەڕێوەدەچێت.
وەزیری ناوخۆی عێراق دووپاتیکردەوە، هەر جووڵەیەکی نەوتی لە بودجەی گشتیدا تۆمار نەکرابێت و لە چوارچێوەی یاساییدا نەبێت، بە کردەوەی قاچاخچێتی دادەنرێت و بکەران لە سەرجەم ناوچەکاندا رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.