جەنگی لێدوانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە و گرەو لەسەر فاکتەری کات دەکەن

لە کاتێکدا نۆ مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا تێپەڕیوە و دانوستانەکان گەیشتوونەتە بنبەست، جەنگی لێدوانەکان لە نێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامە و هەردوو لایەن وەک ئەوەی کات لە بەرژەوەندییاندا بێت مامەڵە دەکەن، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی جەنگی پێش گەیشتن بە چارەیەکی دیپلۆماسی زیاتر کردووە.

چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕيی هەواڵی ئەلعەربییە بڵاوی کردەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ بۆ نزیکەی نۆ مانگ، هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران بە جۆرێک مامەڵە دەکەن وەک ئەوەی کات لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت؛ ئەمەش باوەڕێکە هەردوو لایەنی گەیاندووەتە قەیرانێک کە دەرچوون لێی بۆ هەر یەکێکیان نزیک بووەتەوە لە مەحاڵ.

لە میانی جەنگی گەرمی لێدوانەکاندا لە نێوان هەردوو لادا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو: واشنتن لە ئێراندا بە شێوەیەکی یەکجار باش بەرەوپێش دەچێت.
 هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران، هۆشداریی دابوو، کە ئێران ئامادەیە بە شێوەیەکی وێرانکەرتر وەڵام بداتەوە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشی نوێ بکەنە سەر خاکەکەی، ئەمەش لە سایەی سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی پەیوەست بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، بە گوتەی خۆی وەڵامدانەوەکە بەبێ پابەندبوون بە سنوورە جوگرافییەکانەوە دەبێت.

لە ژێر سایەی ئەم گرەوکردنە پڕ مەترسییەدا، دوو دانوستانکاری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژمارەیەک بەرپرسی ئەورووپی دەڵێن: ئەگەری هەیە پێکدادان و جەنگ دەستپێبکاتەوە پێش ئەوەی دەرچەیەکی دیپلۆماسی بێتە ئاراوە.

دۆناڵد ترەمپ فشارخستنە سەر ئێرانی پێ باشترە لەوەی جارێکی دیکە بە توندی گورزی لێ بوەشێنێت یان سازش بکات؛ ئەم دوورکەوتنەوەیەشی لە لێدانی سەربازی لە قەناعەتێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێی وایە دووبارەکردنەوەی بۆردومان ئەنجامەکە ناگۆڕێت و رەنگە ببێتە هۆی کاردانەوەی ئێران لە ناوچەی کەنداودا.

 

گەمارۆی دەریایی

ترەمپ پشت بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا و بەکارهێنانی فشارە ئابوورییەکان دەبەستێت کە تاران ناچار بە پاشەکشە و رەزامەندیدان لەسەر سازشکردن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە بکەن.

لە بەرامبەردا سەرکردەکانی ئێران دیدگایەکی پێچەوانەیان هەیە؛ چونکە ئەو شکستانەی پارتی کۆماریی ترەمپ لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆگرێسدا  و هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا تووشیان بوون، بوێریی پێ بەخشیون تا تێچووی گەیشتن بە رێککەوتن بەرز بکەنەوە و داوا لە واشنتن بکەن هەنگاوی یەکەم بەرەو گەیشتن بە چارە بنێت.

تاران دەڵێت: دەرگای بە رووی دیپلۆماسیدا کراوەیە و، سەرەڕای کۆبوونەوەکەی دوێنێ سێشەممەی لەگەڵ نێوەندگیرانی عومانی و قەتەری، واشنتن بە پەیڕەوکردنی زۆرەملێ و فشار تۆمەتبار دەکات و دەڵێت ملکەچی فشارەکانی ئەمریکا نابێت.

دێنیس رۆس، دانوستانکاری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە کە واقیعێکی دوولایەنە لە ئارادایە؛ نە ترەمپ بژاردەی باشی لە بەردەستدایە و، نە ئێرانییەکانیش بژاردەی باشیان هەیە. 

دەشڵێت: هەر لایەنێک پێداویستییەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بە شێوەیەک دیاریی دەکات کە لەگەڵ لایەنەکەی دیکەدا دژ بێت و، لایەنەکەی دیکەش ناتوانێت ئەوە قبووڵ بکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەورووپی رایگەیاند: داواکارییەکانی واشنتن تێچووەکەیان ئەوەندە زۆرە کە ئێران ناتوانێت قبووڵیان بکات، لە هەمان کاتدا داواکارییەکانی تارانیش لە رووی سیاسییەوە تێچوویەکی زۆریان بۆ واشنتن هەیە.

بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئەوروپی کە ئاگاداری زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بووە، گوتی: هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەمریکا پێچەوانەی ئەوەی بەدی هێناوە کە مەبەست بووە.

 ئەو بەرپرسەی کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، روونی کردەوە، کە جەنگ هێزی ئێرانی زیاد کردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی کێشەی ئەتۆمی لە بری چارەکردنی.

بەرپرسە ئەوروپییەکەی یەکەم و بەرپرسێکی دیکەی رۆژئاوایی ئاماژەیان بەوە کرد، کە راپۆرتە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن بەشێکی گەورە لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرزی ئێران بە ئەگەری زۆرەوە لە قووڵاییەکی زۆردا لە پێگەی "پیکئاکس ماونتن" دانراوە، کە دامەزراوەیەکی زۆر قایمکراوی ژێر زەوییە و دەکەوێتە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنزی ئێران.


بەرنامەیەکی ئەتۆمیی نهێنی

بەرپرسە ئەوروپییەکەی یەکەم گوتی: هەموو پاڵنەرەکان بەردەستن کە هانی ئێران دەدەن بچێتە پێشەوە لە پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی نهێنی بە ئامانجی مسۆگەرکردنی هێزی بەرپەرچدانەوە دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا لە داهاتوودا.

ئێران، کە دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنییە و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی رەت دەکاتەوە، رایگەیاندووە: تا جەنگ بەردەوام بێت رێگە بە گەڕانەوەی پشکنەرە ئەتۆمییەکان نادات.

ئارۆن دەیڤد میلەر، دانوستانکاری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە بژاردەکانی بەردەم واشنتن بریتین لە پەرەسەندنی گرژییەکان یان دانوستان، یان ملکەچبوون یان توندکردنەوەی گەمارۆی ئابووری؛ دەشڵێت: واشنتن ئێستا بژاردەی کۆتایی پێ باشترە، لەگەڵ هێشتنەوەی ئەگەری پەنابردن بۆ کاری سەربازی پێش ئەوەی زۆرینەی کۆنگرێس لە مانگی کانوونی دووەمدا بکەوێتە دەستی دیموکراتەکان.

بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاند: هەڵمەتی فشاری ئابووریی ئێران بە جۆرێک وێران دەکات کە ترەمپ پێویستی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی جەنگیی گەورە نییە و، سەرۆکی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی لە بەردەستدایە بۆ رێگریکردن لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

بژاردەی سێیەم

چوار دیپلۆماتکار کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە رایانگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەفتەی ڕابردوو لە پاریس بە وەزیرانی گرووپی حەفتی (G7) گوتووە کە واشنتن قەتیس نەکراوە لە نێوان سەرهەڵدانەوەی جەنگ یان ئەنجامدانی رێککەوتنێکی لاوازدا؛ بە گوتەی روبیۆ بژاردەیەکی سێیەم هەیە، ئەویش فشاری ئابووریی بەردەوامە تا ئێرانییەکان بزانن ئەوان یارییەکە کۆنترۆڵ ناکەن تا ئەو کاتەی سازشگەلێک دەکەن کە رێگە بۆ ئەوەی ئەو بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ ناوی برد، خۆش بکات.

دوو بەرپرسە ئەوروپییەکە پێیان وایە ترەمپ ئێستا لەسەر بژاردەی سێیەم جێگیر بووە، هەرچەندە یەکێکیان گوتی رەنگە سەرۆکی ئەمریکا لە هەر ساتێکدا بێت رێڕەوەکەی پێچەوانە بکاتەوە؛ بەرپرسێکی دیکەش ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ بە تەواوی دەستبەرداری کاری سەربازی نەبووە و،  ئەو هێمنییەی ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی سەیر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەرجەم ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، رایانگەیاندووە: دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ریزبەندیی هەنگاوەکان چەقیان بەستووە؛ روونیشیان کردووەتەوە کە تاران دەیەوێت پێش دەستپێکردنی دانوستانە جەوهەرییەکان گەمارۆکە هەڵبگیرێت، سامانە بلۆککراوەکانی ئازاد بکرێن و فرۆشتنی نەوتەکەی دەست پێبکاتەوە؛ هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئێران دەیەوێت کارە جەنگییەکان لە هەموو بەرەکاندا کۆتاییان پێبێت و رۆڵێکی دانپێدانراوی هەبێت لە بەڕێوەبردنی هاتوچۆ بە ناو گەرووی هورمزدا کە رێڕەوێکی ژیانییە بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی.

هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، تاران دەڵێت لە بەرامبەردا گەرووی هورمز دەکاتەوە و تەنیا بە بەڵێنێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە قۆناخێکی دواتردا قایل دەبێت، لە کاتێکدا واشنتن داوای هەنگاوی دوولایەنە و هاوکات دەکات، لە ناویاندا پابەندبوونی جێگەی دڵنیایی و پشکنین سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە هەر لە سەرەتاوە.

شرۆڤەکارانی سیاسیش دەڵێن: هیچ کەسێک لە ناو ئێراندا لە پێگەیەکدا نییە رێگەی پێ بدات ڕەزامەندی لەسەر رێککەوتن بدات؛ بەرپرسێکی ئەورووپیش گوتی: کۆمەڵەیەکی سەرەکی لە ئەفسەرانی سوپای پاسداران کە پێیان وایە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، هیچ بەرژەوەندییەکیان لە دانوستاندا نییە، ئەمەش وا دەکات ئەرکی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانوستانەکاندا نزیک بێت لە مەحاڵ.