گرۆسی: ماوەی 18 مانگە ئاگاداری یۆرانیۆمی ئێران نین
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە کۆبوونەوەی دەستەی پارێزگارانی ئاژانسەکەدا رایگەیاند، ماوەی نزیکەی 18 مانگە زانیارییان لەسەر یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نییە، هاوکات هۆشداریی لە فراوانکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆریای باکوور و مەترسیی سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا دا.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە گوتارەکەیدا ئاشکرای کرد کە جگە لە وێستگەی بووشەهر، ئێران هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخی ماددە و بنکە ئەتۆمییەکانی دیکەی پێ نەداون و رێگەی بە پشکنینی مەیدانی نەداوە.
گوتیشی: نزیکەی ساڵ و نیوێکە بە تەواوی ئاگاداریی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 60% نین و لەو دامەزراوانەی لە حوزەیرانی 2025دا کرانە ئامانج، بۆیە ناتوانن دڵنیایی بدەن کە هیچ ماددەیەک بۆ مەبەستی سەربازی بەکارنەهێنراوە؛ هەر بۆیە داوای گەڕانەوەی خێرای بۆ دیپلۆماسی و گرتنەبەری هەنگاوی قۆناخ بە قۆناخ کرد تا پشکنەران بگەڕێنەوە ئێران.
لەبارەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای لە دەستەی پارێزگاران کرد رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی چاودێریی دووقۆڵیی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە بدەن، کە رێگە بە ئاژانسەکە دەدات پشکنین و چاودێریی ورد بۆ پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ریاز بکات.
هاوکات پێشوازیی لە شەفافیەت و هاوکاریی سووریا کرد لە دۆسیەی هەڵکۆڵینەکانی پێگەی دێرەزوور، هەروەها ئاماژەی بە راپۆرتی تیمەکانیان کرد لەسەر مامەڵەی سەرکەوتووی ئیمارات لەگەڵ پچڕانی کارەبای وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە دوای هێرشە درۆنییەکەی مانگی ئایار، و جەختی کردەوە هەرگیز نابێت دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکرێنە ئامانج.
سەبارەت بە کۆریای باکوور، گرۆسی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەوەی پیۆنگ یانگ لە ناوەڕاستی ئەیلوولی 2026ەوە پاشکۆیەکی نوێی بۆ دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی یۆنگبیۆن دروست کردووە و بەشێکی زۆری کارلێکەرەکانی بەکارخستووەتەوە.
لە ئۆکرانیاش، ئاشکرای کرد کە وێستگەی زاپۆریژیا بۆ 27ەمین جار کارەبای دەرەکیی بە تەواوی لەدەست داوە و تۆڕی کارەبای وڵاتەکە لە خراپترین دۆخدایە؛ بۆیە ئاژانسەکە لە هەوڵی نێوەندگیریدایە بۆ رێککەوتن لەسەر نۆیەمین ئاگربەست بۆ چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا و دابینکردنی سووتەمەنیی دیزڵ.
گرۆسی هۆشداریی دا لەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رووبەڕووی قەیرانێکی قورسی دارایی بووەتەوە بەهۆی نەدانی 127 ملیۆن یۆرۆ لە بەشداریی ساڵانەی وڵاتانی ئەندام و داوای کرد بە پەلە پشکە داراییەکانیان بدەن بۆ ئەوەی کارەکانی ئاژانسەکە نەوەستن.