کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی گەڕەکی باغلومنارە بەردەوامە
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24 رایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی و لوولەیی کۆنکرێتی شیشدار لە گەڕەکی باغلومنارە لە خوارووی هەولێر بەردەوامە، ئامانج لێی نەهێشتنی کۆبوونەوەی ئاو، کۆنترۆڵکردنی ئاوی باران و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاوە.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24 رایگەیاند، ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی گەڕەکی باغلومنارە دانیشتووانەکەی لە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و چینی ناوەڕاست پێک دێن، ژێرخانێکی تەواوی لە رووی ئاوەڕۆ، شەقام، شۆستە و پێداویستییەکانی دیکەوە بۆ ئامادە دەکرێت، بە مەبەستی رێکخستنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکان و پێدانی سیمایەکی مۆدێرن بە ناوچەکە.
سەبارەت بە پێکهاتە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە گوتی، پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە درێژیی 5 هەزار و 480 مەتر بە چاوە و قەبارەی جیاواز، لەگەڵ ئاوەڕۆیەکی لوولەیی بە درێژیی 23 هەزار و 500 مەتر بە تیرەی جیاواز و دروستکردنی جۆگەی کراوە بە درێژیی 2 هەزار و 500 مەتر.
هاوکات جەختیکردەوە، ئەم پرۆژەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی شاری هەولێر لە سێکتەری ئاوەڕۆدا و پاراستنی ناوچەکە و دەوروبەری لە کۆبوونەوەی ئاو و مەترسییەکانی لافاو لە وەرزی بارانباریندا.
ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کاریگەریی گەورەئ دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە وەرزی زستان، هاوکات رێڕەوێکی گرنگە بۆ تێپەڕبوونی ئاوی قورسی بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی ناو هەولێر بۆ دەرەوەی سنووری شارەکە.