خەڵکی جورف سەخر دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان یان ناوچەکە وەکوو سەربازگەیەک دەمێنێتەوە ؟
دوای زیاتر لە 12 ساڵ لە ئاوارەیی، هەوڵە نوێیەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شارۆچکەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل و دانانی مۆڵەت تا هەینیی داهاتوو بۆ کەتائیب حزبوڵڵای عێراقی بە مەبەستی چۆڵکردنی ناوچەکە، جارێکی دیکە پرسی چارەنووسی دانیشتووانە رەسەنەکەی هێناوەتە پێشەوە، ئایا خەڵکەکە دەگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان یان ناوچەکە هەر بە دۆخێکی سەربازی و ئەمنیی داخراو دەمێنێتەوە؟
هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ، هیوایەکی لای خێزانە ئاوارەکان دروست کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی کەمپەکان و گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنی لەدایکبوونیان، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانی و چاوەڕوانییەکی زۆر لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە سازانێکی سیاسی لە ئارادایە. بەشێک لە دانیشتووان ترسیان هەیە پێشهاتە ئەمنییەکان گەڕانەوەیان مسۆگەر نەکەن و دۆسیەی ئاوارەییان هەر بە کراوەیی بمێنێتەوە.
ئاوارەکانی جورف سەخر کە زیاتر لە دەیەیەکە بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە لە ناوچەکەیان بێبەش کراون، بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن، فازڵ جەنابی، ئاوارەیەکی تەمەن 71 ساڵ لە کەمپی بزێبزی رۆژئاوای بەغدا دەڵێت، باسکردن لە چوونەژوورەوەی هێزە فەرمییەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت پێشهاتێکی گرنگە کە لە ساڵانی رابردوودا نەدەکرا. جەنابی هیوا دەخوازێت حکوومەت بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە و ماڵەکانیان تەنانەت ئەگەر وێرانکراویش بن، و رایگەیاند، ئێستا ئەوان لە دۆخێکی کارەساتباردا دەژین لە کاتێکدا ئەو گرووپانە بەبێ ماف ماڵ و کێڵگە و زەوییەکانیان بەکار دەهێنن.
لە بەرامبەردا، ترسی مانەوەی ناوچەکە لە چوارچێوەی رێکارە سەربازی و ئەمنییەکاندا بە روونی لای ئاوارەکان دەبینرێت. ساڵح ئەبو محەمەدی تەمەن 57 ساڵ کە ئەویش لە کەمپی بزێبز دەژی، نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری سازانی سیاسی بەبێ گەرەنتیی گەڕانەوە دەردەبڕێت و دەڵێت، رەنگە چارەسەری دیکە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە و رێکارە ئەمنییەکانی بدۆزرێنەوە لە کاتێکدا دانیشتووان لە دەرەوەی ماڵ و نیشتمانی رەسەنی خۆیاندا دەمێننەوە، هەر بۆیە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە بڕیارێکی روون، مافی گەڕانەوەی سەلامەت بۆ ناوچە و موڵکەکانیان مسۆگەر بکات.
ئەم گرژییانە دوای پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی دێن لەسەر دۆخی جورف سەخر. جووڵە و ئامادەکارییە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە وەڵامی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە قاچاخچێتیی نەوت و گومانی تێوەگلانی ئەو گرووپەدا بووە، لە کاتێکدا گرووپەکە کشانەوەی لە ناوچەکە رەت کردووەتەوە و لە ماوەی رابردووشدا رێگەی نەداوە تەنانەت نوێنەرانی حکوومەت و لایەنە بەرپرسەکانیش بچنە نێو شارۆچکەکە.
رەگ و ریشەی ئەم قەیرانە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، کاتێک دوای دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەکە لە لایەن داعش و دواتر گرووپە چەکدارەکانەوە خێزانەکان ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەهۆی تێکەڵبوونی پێوەرە ئەمنی، سیاسی و کارگێڕییەکانەوە دۆسیەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی حکوومیی نزیک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە میدیاکانی راگەیاندووە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە دۆسیەی جورف سەخر بە سەرجەم وردەکارییەکانییەوە، لەوانەش گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، هاوکات ئەو سەرچاوەیە روونی کردووەتەوە کە دۆسیەکە سەرەتا پێویستی بە چارەسەری ئەمنی و سەپاندنی کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانە و پاشان گەڕاندنەوەی دانیشتووان لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیردا.
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەری لە عێراق کە مانگی ئەیلوولی رابردوو بڵاوی کردووەتەوە، هێشتا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی عێراقدا ئاوارەن و ناوچەکانی ناوەڕاست، رۆژئاوا و باکووری عێراق لە دیارترینیان جورف سەخر، عەوجە، عەویسات، سەعدیە و گوندەکانی نەهر ئیمام و بەنی زەید، هێشتا چاوەڕوانی گەڕانەوەی دانیشتووانەکەیان دەکەن.
ئەم روانگەیەوە، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوە و بەڵێنی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق بە دانیشتووانی ناوچەکە، بەڵام هێشتا هیچ هیوایەک نییە بۆ خەڵکەکە و ئاسۆیەکی رۆشن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان بەدی ناکرێت.