کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەجێهێشت
کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو ژاپۆن بەجێهێشت و ئێستا تەنیا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
ئاژانسی "بلومبێرگ" لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن"ـی ئەمریکا دەریای عەرەبی جێهێشتووە و بەرەو بەندەری یۆکۆسوکای ژاپۆن بەڕێوەیە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستادا تەنیا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە دەریای عەرەبدا ماونەتەوە، ئەوانیش بریتین لە هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج بووش" و "تیۆدۆر رۆزڤێڵت".
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممەی رابردوو، 16ی تشرینی دووەمی 2026، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "تیۆدۆر رۆزڤێڵت" بە یاوەریی 10 هەزار سەربازی ئەمریکا و چەند کەشتییەکی هێرشبەرەوە گەیشتە کەنداوی عەرەبی.
لە ئامادەبوونیدا لە نزیک گەرووی هورمز شانبەشانی کەشتیی "جۆرج بووش"، کەشتیی "جۆرج واشنتن" بە نزیکەی 5,000 سەرباز و کارمەندەوە بووە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران.
ئەرکە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هاتوچۆی کەشتییە ئێرانییەکاندا، ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییە شەوانەکان، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز و خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەکە ئێرانییەکان.
هاوکات لە ئەیلوولی 2026ـدا خودی کەشتییەکەش رووبەڕووی هەوڵی هێرشی مووشەکی بالیستیی ئێران بووەوە.