ئێران: رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم نادەین

ئێران رەخنەکانی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نوێکردەوە و رەزا نەجەفی، نوێنەری ئێران لە ڤییەنا رەتیکردەوە وڵاتەکەی بۆ رێگەدان بە چوونەژوورەوەی پشکنەرانی ئاژانسەکە بۆ نێو دامەزراوە ئەتۆمییەکان، گوتیشی: رەنگە ئەو زانیارییانەی ئاژانسەکە کۆیان دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بەکاربهێنرێن.

 پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، رەزا نەجەفی، نوێنەری ئێران لە ڤییەنا، لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، ئێران لە دانیشتنی ئەنجوومەنی حاکمانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا پەیامێکی روونی گەیاندووە و تێیدا هاتووە: ناکرێت دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆردومان بکەن و بەردەوام بن لە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر، پاشان داوای زانیاریی ورد و دەستڕاگەیشتنی بێسنوور بۆ پشکنەران بکەن.

نوێنەری ئێران هەروەها پێی وابوو کە ئەو زانیارییانەی ئاژانسەکە کۆیان دەکاتەوە لەوانەیە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکاندا دژی ئێران بەکاربهێنرێن، هاوکات گوتی: بێگومان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتریش لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەکار دەهێندرێن. رەزا نەجەفی گوتیشی، هیچ پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی گەرەنتیی هاوکارییەکی بێمەرج لەسەر هەژماری ئاسایشی نیشتمانی ناکات.

هاوکات رایگەیاند، پێویستە ئەنجوومەنی حاکمان مامەڵە لەگەڵ هێرشە سەربازییە فراوانەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکاندان و هەروەها لەگەڵ هەڕەشە ئاشکراکان بۆ دووبارەکردنەوەی هێرشەکان بکات، ئەگەرنا ئەو ئەنجوومەنە، متمانەی خۆی لەدەست دەدات.

لە بەرامبەردا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە جارێک جەختیکردووەتەوە کە لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگەوە لە مانگی شوباتی رابردوو، نەیتوانیوە سەردان و پشکنین بۆ ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکات کە بۆردومان کراون، و داوای گەڕانەوەی پشکنەرانی کردووە بە مەبەستی پێکهێنانی وێنەیەکی روون لەسەر دۆخی ئەو دامەزراوانە.

لای خۆیەوە تاران چەندان جار رایگەیاندووە کە ئاژانسەکە بە راشکاوی سەرکۆنەی جەنگی دژی ئێرانی نەکردووە و ئەو هەڵوێستەی بە «لایەنگرییەکی ئاشکرا و پشتیوانیی ناڕاستەوخۆ بۆ جەنگەکە» وەسفکردووە، هەروەها رایگەیاندووە، ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە کەوتوونەتەوە، ئێستا رێگرن لە چوونەژوورەوەی پشکنەرانی ئاژانسەکە بۆ ئەو دامەزراوانە.