پەیامنێری کوردستان24: هێزە عێراقییەکان ناتوانن بە ئازادی لە "جورف سەخر" هاتوچۆ بکەن

هێزێکی ئەمنیی عێراق لە جورف سەخر
هێزێکی ئەمنیی عێراق لە جورف سەخر

سەرەڕای راگەیاندنی کردنەوەی رێگەی لەتیفییە و چاوەڕوانییەکان بۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ "جورف سەخر"، بەڵام لەسەر زەوی دەروازەکان هێشتا بە رووی هاووڵاتییانی ئاوارەدا داخراون و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا ناوچەکەیان چۆڵ نەکردووە و پشکنین بۆ هێزە عێراقییەکانیش دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە دەروازەی "جورف سەخر" لە سنووری پارێزگای بابل رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەگەیشتووەتە ناحیەکە، هەرچەندە ئامادەکاری کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی ناوچەکە بکات، بەڵام کاتی گەیشتنەکەی بە تەواوی دیاری نەکراوە.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، مەبەست لە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ "جورف سەخر" دەربڕینی پشتیوانییە بۆ هێزە عێراقییەکان و دەستپێکردنی رێکارەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناحیەکە، تاوەکوو خزمەتگوزارییەکان بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و ئەو دانیشتووانەی لە ساڵی 2014ـەوە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. 

هەرچەندە سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندبوو، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە رێگەی لەتیفییە – جورف سەخر – کەربەلا بە رووی هاتوچۆی شۆفێران و هاووڵاتییاندا کراوەتەوە؛ بەڵام پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرا کرد، لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە، دەروازەی جورف سەخر تەنیا بە رووی ئەو هێزە ئەمنییانەدا کراوەتەوە کە هەماهەنگییان بۆ کراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، رێگەی لەتیفییە - جورف سەخر - کەربەلا، بە رووی هاووڵاتییاندا داخراوە. 

روونیشی کردەوە، کەتائیبی حزبوڵڵا ناوچەکەیان چۆڵ نەکردووە و تاوەکوو ئێستاش دەرگای سەرەکیی ناحیەکە بە دەست چەکدارانی ئەوانەوەیە، تەنانەت ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵی و لیوای 82ـی سوپای عێراق کاتێک بە پێداویستی و کەلوپەلەوە دەچنە ژوورەوە، لەلایەن چەکدارانی حزبوڵڵاوە دەپشکنرێن. 

 

"هێزە عێراقییەکان بە ئازادی هاتوچۆ ناکەن"

هاوکات هێزە عێراقییەکان، کە سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، دژەتیرۆر و فەوجێکی پۆلیسی وزە لەخۆدەگرن، نەیانتوانیوە بە تەواوی لە ناحیەکەدا بڵاوببنەوە و تەنیا لەو شوێنانەدا جێگیر کراون کە کەتائیبی حزبوڵڵا بۆی دیاری کردوون.

پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ بۆ ماوەی 20 خولەک چووەتە نێو جورف سەخر و دوو سێ چەکدار بەردەوام چاودێریی لینزی کامێراکەیان کردووە تاوەکوو نەتوانێت هەموو شوێنەکان وێنە بگرێت، هەروەها سەربازانی کورد لە نێو لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵیدا پێیان راگەیاندووە، کۆتوبەند کراون و ناتوانن لە دەرەوەی شوێنە دیاریکراوەکان بجووڵێنەوە.

 ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزە ئەمنییەکانی راسپاردووە رێگە نەدەن دەزگاکانی راگەیاندن لە "جورف سەخر" نزیک ببنەوە و پەخشی راستەوخۆ بکەن، هاوکات رێگە بە بەرپرسانی ئەمنی، سیاسی و حکوومی نەدراوە بچنە ژوورەوە، سەرەڕای بانگەشەکانی کردنەوەی هەر سێ دەروازە سەرەکییەکەش، تاوەکوو ئێستا دەروازەکانی لای موسەیب و لەتیفییە بە رووی هاووڵاتییانی ئاوارەدا، بەتایبەت دانیشتووانی هۆزەکانی جەنابی و نەسراوی نەکراونەتەوە.

یاسر عیساوی، یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو سێ لیوایەی حەشدی شەعبی لە جورف سەخر جێگیر کرابوون، بە دوو لیوای دیکەی حەشدی شەعبی، دوو لیوای سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی و فەوجێکی پۆلیسی وزە جێگۆڕکێیان پێ کراوە. 

 

چوونی هێزە عێراقییەکان بۆ جورف سەخر

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ (هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026)، پۆلیسی وزە و دوو لیوای حەشدی شەعبی چوونە نێو جورف سەخر و کردنەوەی "بارەگای کۆنترۆڵکەر" بە سەرپەرشتیی پۆلیسی فیدراڵی راگەیەنرا، هاوکات عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە گوتارێکدا بۆ هێزەکان دووپاتی کردەوە، قۆناخی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە دەستی پێ کردووە و هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نامێنێت.

 سەرەتای ئەم گرژییانە بۆ رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2026، دەگەڕێتەوە، کاتێک لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی حکوومەت بە یاوەریی هێزێکی ئەمنی چووە نێو جورف سەخر بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و دۆزینەوەی کۆگا و پاڵاوگەی نایاسایی، کە دواتر بووە هۆی لەسەرکارلادانی نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕی لە پارێزگای بابل و رەوانەکردنی تێوەگلاوان بۆ دادگا.

ناحیەی جورف سەخر (کە بە فەرمی ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ جورف نەسر) دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا و بەر لە هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014ـدا، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە نێوان 120 بۆ 140 هەزار کەس بوو کە زۆربەیان عەرەبی سوننە بوون.

 دوای دەرکردنی داعش لە کۆتایی ساڵی 2014ـدا، کەتائیبی حزبوڵڵا دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت و بە پاساوی ئەمنی و پاککردنەوەی بۆمبە چێنراوەکان، رێگەی لە گەڕانەوەی دانیشتووان و تەنانەت چوونەژوورەوەی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت گرت. لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا چوار سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق نەیانتوانی هێزە فەرمییەکان ببەنە نێو ناوچەکە یان ئاوارەکان بگەڕێننەوە.