ترەمپ بایەخی هاککردنی بنکەی زانیارییەکانی FBI کەم دەکاتەوە و دۆسیە کۆنەکان زیندوو دەکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بایەخی هاککردنی بنکەی زانیاریی تاوانکارییە نیشتمانییەکانی سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) کەم دەکاتەوە و رووداوەکە بۆ زیندوکردنەوەی رەخنە کۆنەکانی لەو دەزگایە بەکاردەهێنێت.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆری "فۆکس نیوز"، سەرەرای دەربرینی نارەزایی بەرامبەر هاککردنی "ناوەندی نیشتمانیی زانیارییە تاوانکارییەکان" کە دووەم رووداوی هاوشێوەیە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، رایگەیاند، رەنگە ئەم رووداوە ببێتە هۆی ئاشکرابوونی زانیاریی نوێ سەبارەت بە دۆسیەکانی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی 2016، ساختەکاریی دەنگدان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ساڵی 2019ـی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا.
هاوکات، دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی هێورکردنەوەی نیگەرانییەکان دەدات سەبارەت بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی، بەتایبەت دوای لەکارکەوتنی بەشێک لە سیستەمی بانکەکان، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی و هاتوچۆی ئاسمانی.
لەلای خۆیەوە، کاش پاتێل، بەرێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ئێستا هەنگاوی پێشوەختەی ناوە بۆ نوێکردنەوەی سیستەمە سەرەکییەکان و پاراستنی ژێرخانی هەستیاری وڵات لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
ئەو بنکەی زانیارییەی هاککراوە، وەک شادەماری پەیوەندیی نێوان دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە سەرانسەری ئەمریکا دادەنرێت بۆ ئاڵوگۆرکردنی زانیاریی تایبەت بە فەرمانی دەستگیرکردن و پێشینەی تاوانکاری، بەڵام ترەمپ رەتیکردەوە هیچ وردەکارییەک لەسەر چۆنیەتی هاککردنەکە ئاشکرا بکات.