شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵیی کرد
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، شاندەکەی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری رووها و پارێزەر ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە گەیشتنە دوورگەی ئیمراڵی.
چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە دوورگەکە، راگەیەندراوێک سەبارەت بە ناوەڕۆک و ماوەی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.
دوایین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لە رێکەوتی 13ـی ئەیلوولی 2026 ئەنجامدرابوو، کە یەکەم دیداربوو دوای پەسەندکردنی رێکخستنی "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمانی تورکیا.
لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردوودا، لە کاتێکدا لێکدانەوەکان باسیان لە "وەستان"ی پرۆسەکە دەکرد، میدحەت سانجار لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا رایگەیاندبوو، ئۆجەلان لە چوارچێوەی زیندانی ئیمراڵیدا گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە تایبەت بۆی ئامادە کراوە.
لە بەرامبەردا پەروین بوڵدان جەختی لەوە کردبووەوە، ئەو گۆڕانکارییەی شوێنەکە بە مانای دەرچوون لە زیندان یان گۆڕینی پێگەی یاسایی نایەت، بەڵکو تەنیا شوێنێکە بۆ رێکخستنەوەی مەرجەکانی کارکردن.