ئەمساڵ 900 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرد کراوە

فێلیانا سێتراداری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی FCIMD و سەرۆکی رێکخراوی گڵۆباڵ ئەسێمبڵی بۆ ژیریی دەستکرد
فێلیانا سێتراداری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی FCIMD و سەرۆکی رێکخراوی گڵۆباڵ ئەسێمبڵی بۆ ژیریی دەستکرد

پیشەسازیی ژیریی دەستکرد بووەتە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین کەرتەکانی ئابووریی جیهان، بە جۆرێک تەنیا لە ساڵی 2026ـدا کۆمپانیاکان 900 ملیار دۆلاریان تێدا وەبەرهێنان کردووە و پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕەکەی تا ساڵی 2030 بگاتە نێوان پێنج بۆ حەفت تریلیۆن دۆلار. لە ناوەندی ئەم گەشەسەندنەشدا رکابەریی نێوان ئەمریکا و چین بۆ پێشەنگبوون زیاتر بووە.

فێلیانا سێتراداری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی FCIMD و سەرۆکی رێکخراوی گڵۆباڵ ئەسێمبڵی بۆ ژیریی دەستکرد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 دا، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم بوارە و گوتی "لە کاتی مانەوەم لە سیلیکۆن ڤاڵی و هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی چات‌جی‌پی‌تی، بۆم دەرکەوت ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر مرۆڤایەتی دەبێت".

بە گوتەی سێتراداری، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا لە وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئیندۆنیزیا خەڵک چات‌جی‌پی‌تییان تەنیا وەک رکابەرێکی گووگڵ دەبینی، بەڵام تێگەیشتن لە قووڵیی کاریگەرییەکانی وایکرد بڕیاربدات لە رێگەی یەکەم کتێب و پۆدکاستێکەوە بابەتەکە بۆ هەمووان روونتر و بەردەستتر بکات، کە تێیدا لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک ئیلیا سوتسکێڤەر، دانیێل کۆتکە و پرۆفیسۆرەکانی ستانفۆرد گفتوگۆی کردووە.

سەبارەت بە داهاتووی هێزی کار، سێتراداری پێی وایە ژیریی دەستکرد گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە جیهانی کاردا دروست دەکات و بەشێکی زۆر لە کارەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی کارە هزرییەکان، دەگرێتەوە. ئەو جەختیکردەوە "دەبێت مرۆڤ وەبەرهێنان لەو لێهاتووییانەدا بکات کە تایبەتن بە مرۆڤبوون و ژیریی دەستکرد ناتوانێت جێگەیان بگرێتەوە".

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە گەیشتن بە لوتکەی پێشکەوتن، سێتراداری رایگەیاند، گەشەی ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی چەند هێندە بەردەوام دەبێت و هێشتا لە لوتکەدا نییە، ئەو روونیکردەوە، تاکە سنوور یان بەربەست لەبەردەم ئەم خێراییەدا دابینکردنی سەرچاوەکانی وزەیە، کە لەوانەیە خودی ژیریی دەستکرد لە دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێدا هاوکار بێت.

سەبارەت بە دۆخی ئێنڤیدیا و رۆیشتنی جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، سێتراداری ئاماژەی بەوە دا، قەیران و گومانەکانی پەیوەست بە سیخوڕی، دۆخەکەیان ئاڵۆزتر کردووە. بە بڕوای ئەو، رۆیشتنی هوانگ کاریگەریی لەسەر کەرتی ژیریی دەستکرد دەبێت، چونکە ئێنڤیدیا رۆڵێکی سەرەکی لە دروستکردنی چیپە پێشکەوتووەکاندا دەگێڕێت لە کاتێکدا رکابەریی چین لە بەرهەمهێنانی چیپدا توندتر بووە.

سێتراداری جەختیکردەوە، دیاریکردنی جێگرەوەیەکی بەتوانا بۆ ئێنڤیدیا بووەتە ئەرکێکی چارەنووسساز بۆ داهاتووی کۆمپانیاکە و تەواوی ئەو پیشەسازییە.