کوردستان24 هۆکاری قەدەخەکردنی تێلیگرام لەلایەن حکوومەتی عێراق ئاشکرا دەکات
کۆمپانیای تێلیگرام داواکارییەکانی حکوومەتی عێراقی بۆ پێدانی داتا و زانیاریی بەکارهێنەران و کردنەوەی لقێک لە بەغدا رەت کردەوە. ئەم هەڵوێستەی کۆمپانیاکە هۆکاری سەرەکیی بڕیاری داخستنی ئەو ئەپڵیکەیشنە بووە لە عێراق.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمی نووسراوێکی حکوومەتی عێراقیان بەدەست گەیشتووە. بەگوێرەی نووسراوەکە، پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا کار بۆ راگرتنی تێلیگرام بکرێت.
لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، سەرجەم کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە، لە 22ـی مانگەوە تا 21ـی مانگی داهاتوو پابەندی رێنمایی و یاساکان بن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، حکوومەتی عێراق دوو داواکاریی سەرەکیی ئاراستەی کۆمپانیاکە کردووە. یەکەم، داوای کردووە تێلیگرام لقێکی سەرەکی لە بەغدا بکاتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت. دووەم، داوای زانیاری و داتای چەند هەژمارێکی تایبەتی کردووە.
ئەم دوو داواکارییە لەلایەن کۆمپانیای تێلیگرامەوە رەت کراونەتەوە. رەتکردنەوەی ئەو داواکارییانە حکوومەتی عێراقی ناچار کردووە بڕیاری قەدەخەکردن و داخستنی خزمەتگوزارییەکانی تێلیگرام بدات.