دەنگە بەهێزەکەی باشووری کەرکووک تەقینەوەی کۆنترۆڵکراو بوو

دەنگە بەهێزەکەی باشووری کەرکووک تەقینەوەیەکی کۆنترۆڵکراوی پاشماوەی جەنگی داعش بوو لە ناوچەی ماحوزی سەر بە شارۆچکەی حەویجە، کە لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە لەناو بران و هیچ زیانێکی نەبوو.

سوپای عێراق لە سنووری شارۆچکەی حەویجەی باشووری کەرکووک، کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیی پاشماوەی داعشی لەناو برد؛ هێزەکانی فەوجی 17ـی سوپای عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ناوچەی ماحوزی سەر بە شارۆچکەی حەویجە لە باشووری کەرکووک، ئەو چەک، تەقەمەنی و جبەخانانەی لە پاشماوەکانی شەڕی داعش دەستیان بەسەردا گیرابوو، بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بە تەقاندنەوە لەناو برد.

سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو چەک و تەقەمەنیانە بۆ سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەگەڕێنەوە و دەستیان بەسەردا گیرابوو، بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو تەقێنرانەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت."

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزیی پیادەی 17 لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنییە بەردەوامەکان بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی پاشماوە جەنگییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، هێزێکی فەرماندەیی هێزی پیادەی 17 توانیویانە پاشماوە جەنگییەکان بدۆزنەوە.

ئەوەش دوای ئەوە هات کە زانیاریی هەواڵگری لە سەرچاوەیەکی هاوکارەوە پێگەیشتووە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، سەبارەت بە بوونی پاشماوەی جەنگیی داعش لە ناوچەی ماحوز، کە دەکەوێتە چوارچێوەی سنووری بەرپرسیارێتیی سریەی یەکەمی فەوجەکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دەستبەجێ هێزێک لە بارەگای لیوای پیادەی 55 بە فەرماندەیی فەرماندەی لیواکە و بە بەشداریی هێزێک لە بارەگای فەوجی یەکەم بە فەرماندەیی فەرماندەی فەوج، ئەفسەری هەواڵگریی فەوج و فەرماندەی سریەی یەکەم، هەروەها بە پشتیوانیی مەفرەزەیەکی ئەندازەی مەیدانیی فەرماندەیی فرقەی پیادەی 17، بەرەو شوێنەکە بەڕێ کەوتن بۆ پشکنینی مەیدانی و دڵنیابوونەوە لە سروشتی پاشماوەکان.

دوای گەیشتن بە شوێنەکە و پشکنین، دوو مووشەک دۆزرانەوە و مەفرەزەی ئەندازەی مەیدانی دەستی بە رێکارە هونەرییە پێویستەکان کرد و لە شوێنی خۆیان بە تەقینەوەیەکی کۆنترۆڵکراو لەناو بران، ئەوەش بەگوێرەی رێکارە پەسەندکراوەکان و دوای چۆڵکردنی ناوچەکە و دڵنیابوونەوە لە مەرجەکانی سەلامەتی.

فەرماندەیی فرقەکە راشیگەیاند، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی و بەبێ تۆمارکردنی هیچ رووداوێک یان زیانێکی گیانی و ماددی بەڕێوەچوو، کە ئەمەش جەختکردنەوەیە لەسەر چاودێریی یەکە سەربازییەکان، خێرایی وەڵامدانەوەیان بۆ زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەردەوامییان لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.