نێچیرڤان بارزانی: هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەوە وەڵامی راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی رەت دەکەنەوە و پێویستە کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و لێکگەیشتن چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقمان بیست، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە."

سەرۆکی هەرێم رایگەیاندووە، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی رەت دەکەینەوە. ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە."

هەروەها جەختی کردووەتەوە، "هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، وێڕای پشتیوانی لە پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا، دووپاتی دەکاتەوە کە پەیوەندیی هەولێر - بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێکگەیشتن بێت."

نێچیرڤان بارزانی، جەخت لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی کوردستان دەکاتەوە و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کراوە بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، "هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و رێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە."