موهەنەد جەنابی: بەکارهێنانی زمانی زبر دژی هەرێمی کوردستان گونجاو نییە

 شرۆڤەکاری سیاسی لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بەکارهێنانی زمانی توند و هەڕەشەئامێز بەرامبەر هەرێمی کوردستان هی ئەم سەردەمە نییە و لەگەڵ سروشتی دۆخی ئێستای عێراقدا ناگونجێت، جەختیشی کردەوە، هەر هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەیە لەسەر تەواوی سیستمی سیاسیی عێراق.

چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، موهەنەد جەنابی، شرۆڤەکاری سیاسی رایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی پابەندە بە رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ماددەی 109ی دەستووری عێراق کە کارەکانی حکوومەت سنووردار دەکات بۆ پاراستنی یەکێتی، سەروەری، سەربەخۆیی و سیستمە دیموکراسییە فیدراڵییەکەی وڵاتەکە. بە وتەی جەنابی، بەبێ بوونی هەرێمی کوردستان هیچ سیستمێکی فیدراڵی لە عێراقدا بوونی نییە چونکە تاکە هەرێمە لە وڵاتەکەدا، بۆیە هەر کەمکردنەوە، سەپاندن یان کۆتوبەندکردنێکی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو سیستمە سیاسییەکە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە هۆکاری چارەسەرنەبوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرەڕای بوونی دەستوور، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وابوو کە ئەمە یەکێکە لە دیارترین ئاستەنگەکان و لە لایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە کێشەکان دەقۆزرێنەوە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم و باڵادەستکردنی دەسەڵاتی بەغدا، لە رێگەی بەکارهێنانی یاسا و ماددە هەڵپەسێردراوەکانەوە بۆ دروستکردنی قەیرانی نوێ. ناوبراو روونی کردەوە کە دەستووری عێراق - لەوانەش ماددەی 141 قەوارەی هەرێمی کوردستانی بە پێکهاتە، تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانییەوە لە ساڵی 1992ـەوە چەسپاندووە - مافەکانی هەرێمی دیاری کردووە، و ناکرێت دەسەڵاتە هاوبەشەکان تەنیا بە تێڕوانینێکی فیدراڵیی ناوەندگەرا لێک بدرێنەوە و بەبێ رەچاوکردنی ماددە دەستوورییەکان بە شێوەیەکی تاکلایەنە چارەسەر بکرێن.

لەبارەی ئەو راگەیەندراوەی لە لایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە، جەنابی رایگەیاند، پێش بەرنامەکە زانیاری هەبووە سەبارەت بەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هەندێک لە وەزیرە کوردەکانی راگەیاندووە کە هەڕەشەی ناردنی هێزی نەکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو بڕیار و لێدوانە هاندەر و هەڵکشێنەرانە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بەبێ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچوون. جەنابی جەختیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی هاوکار و پابەند بووە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، وەک نموونەش رایگەیاند، هەماهەنگیی تەواوی هەرێم کرد لە پرسی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا بەپێی داواکاریی بەغدا.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، موهەنەد جەنابی هاوڕا بوو لەگەڵ ئەوەی کاتی دەرکردنی راگەیەندراوەکە پەیوەندیدار بووە بە پێشهاتەکانی جورف سەخرەوە و بە بۆچوونی ئەو، بۆ شاردنەوەی شکستەکان لە جورف سەخر و گۆڕینی ئاراستەی رای گشتی بووە، بەتایبەتی سەبارەت بەو تاوانانەی لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا لە لایەن ئەو گرووپ و کەتیبانەوە ئەنجام دراون.

بە وتەی جەنابی، پێش جووڵەی هێزە عێراقییەکان، کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە زمانی هەڕەشە مامەڵەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران کردووە، کەچی سەرۆکوەزیران بە «برا» و «هاوخوێن» ناوی بردوون لە کاتێکدا ئەوان لە یاسا دەرچوون، لە بەرامبەردا زمانی توند و هەڕەشەئامێز لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت. ناوبراو پرسیاری ئەوەشی ورووژاند کە بۆچی حکوومەت نەیتوانی ئەو دۆسیانە و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی جورف سەخر و رادەستکردنی بەڕێوەبردنی ناوچەکە بە پۆلیس بەبێ دروستکردنی قەیران لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، و دووپاتیکردەوە، کردنەوەی هەر دۆسیەیەکی هەستیار لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێویستی بە زمانی دانوستان و رێزگرتن لە قەوارە دەستوورییەکەی هەیە.