ئەڵمانیا دوو تۆمەتبار بە پلانی هێرشکردنە سەر پەرستگایەکی جولەکە دەستگیردەکات

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (DPA) لە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا دوو کەسی دەستگیرکردووە، گومانیان لێ دەکرێت ئەندامی گرووپێکی تیرۆریستیی ئیسلامی بن و لە شارەکانی هایدلبێرگ و کۆڵن دەستگیر کراون.

پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، ئینێس پیتەرسۆن، گوتەبێژی داواکاری گشتیی فیدراڵی لە دادگای دادوەریی فیدراڵی لە کارلسروهە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئێمە تۆمەتبارەکان بە ئەندامێتی لە رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناوخۆیی تۆمەتبار دەکەین. گومان دەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەیەکی گومانلێکراوی میلیشیایەکی نزیک لە ئێران هەبووبێت، و پێکەوە لەگەڵ ئەو کەسەدا پیلانی ئەنجامدانی هێرشیان لە ئەوروپا و ئەڵمانیا داڕشتبێت. ئامانجی ئەو هێرشانەش دامەزراوە ئیسرائیلی و جوولەکەکان بوون لە ئەڵمانیا و ئەوروپا.

گوتەبێژی داواکاری گشتیی فیدراڵی رایگەیاند، گرووپەکە پێشتر پارەیان بۆ ئەم مەبەستە کۆکردبووەوە و هەروەها کەسانیان وەک هاوکار بۆ بۆ هێرشەکان ئامادەکردبوو. بەگوێرەی پیتەرسۆن، «لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا وا دەردەکەوێت ئەنجامدەرانی نەناسراو پێشتر بە ناوی رێکخراوەکەوە چووبێتنە پەرستگای جوولەکەکان لە کۆڵن و پێدەچێت تەقەمەنیشیان پێ بووبێت».

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی «DPA»، گومان دەکرێت گرووپەکە لە مانگی ئاداردا لە نێو هێرشەکانی دیکەدا پیلانی هێرشکردنە سەر پەرستگایەکی جوولەکەکانیان لە کۆڵن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا داڕشتبێت. هاوکات وەک لە راگەیەندراوی باڵاترین دەسەڵاتی داواکاری گشتی لە کارلسروهەدا هاتووە، لە چەندان شوێنی ویلایەتەکانی بادن-ڤورتێمبێرگ، نۆردراین-ڤێستفالن و هێسن، هەروەها لە باڵەخانەی مزگەوتێکی ناوخۆیی لە کۆڵن، پشکنین کراوە.

هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسە ئەڵمانییەکە بڵاویکردوونەتەوە، دەوترێت یەکێک لەو دوو عێراقییە دەستگیرکراوە کەسێک دەناسێت کە گومانی ئەوەی لێ دەکرێت رۆڵێکی سەرەکیی لە گرووپی تیرۆریستیی ئیسلامیی «HAYI»ـدا گێڕابێت و لە ئەمریکاش رووبەڕووی تۆمەتبارکراوە.