پاکستان، سعوودیە و تورکیا رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کارادەکەن
وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان پاکستان، سعوودیە و تورکیا لە ئیسلامئاباد، هێرشەکانی حووسییەکان و کاراکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان ئەو سێ وڵاتە تاوتوێ کرا.
پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی پاکستان، سعوودیە و تورکیا لە ئیسلامئاباد کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی کاراکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان هەرسێ وڵاتەکە".
وەزیری بەرگریی پاکستان روونیکردەوە، ململانێی نێوان سعوودیە و گرووپی حووسی لە یەمەن لە خشتەی کاری کۆبوونەوەکەدا دەبێت و شێواوییە بەردەوامەکانی باشووری سعوودیە یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.
ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، رێککەوتنی سێ وڵاتەکە کە لە ئابی رابردوودا واژۆکراوە، بریتییە لە پێشکەشکردنی هاوکاریی یەکتر لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکدا. بەگوتەی ئاسف، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سعوودیە، بەپێی رێککەوتنەکە هەڕەشەیە بۆ سەر پاکستان و تورکیاش.
سەبارەت بە رەوشی رێککەوتنەکە، وەزیری بەرگریی پاکستان روونیکردەوە، رێککەوتنەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە و پێویستە لایەنەکان لە مانگەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەی بەردەوام بکەن بۆ تەواوکردنی رێککارەکانی وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی پاکستان باسی ئیسرائیلی کرد وەک سەرچاوەی هەڕەشەیەکی ئەگەری بۆ وڵاتانی ناوچەکە و داوای کرد هەڵوێستەکان یەکبخرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی ململانێ یان دەستدرێژی.
سەبارەت بە نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران، وەزیری بەرگریی پاکستان ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێستای بە "هێشتا ناسەقامگیر" وەسفکرد، و جەختیکردەوە، ئاشتی هێشتا بەو شێوەیەی چاوەڕوان دەکرا جێگیر نەبووە.
خواجە ئاسف گوتیشی: "پاکستان رۆڵێکی بونیاتنەری لە نێوان واشنتن و تاران گێڕاوە، لەکاتێکدا هەوڵەکانی ئیسلامئاباد و دەوحە بۆ بووژاندنەوەی ئاگربەست بەردەوامن".
ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە لە سێبەری هێرشەکانی حووسییەکاندا دێت شارەکان، دامەزراوە نەوتییەکان و کەشتییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئاژانسەکە، شەڕ لە یەمەن پەرەی سەندووە.
رێککەوتنێک کە پاکستان لە حوزەیرانی رابردوودا نێوەندگیریی بۆ کردبوو، بووە هۆی وەستانێکی کاتیی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها رێگەیەکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دانا، بەر لەوەی هەردوو لا یەکتر بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار بکەن.