هاوکاری دارایی ئۆکرانیا 227 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئاژانسی "تاس" لەسەر بنەمای داتاکانی وەزارەتی دارایی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، کۆی گشتیی هاوکارییە دارایییەکانی پێشکەشکراو بە کیێڤ لە شوباتی 2022ـەوە تا ئێستا، گەیشتووەتە نزیکەی 227.9 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

تەنیا لە تشرینی دووەمی 2026ـدا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ناچار بوون نزیکەی 15 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ پشتیوانیکردنی کیێڤ تەرخان بکەن، لەکاتێکدا هاوکارییە دارایییەکانی دیکە لەلایەن وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە هەمان مانگدا، یەک ملیار دۆلاری ئەمریکیی تێنەپەڕاند.

ئەم ئامارە هاوکارییە سەربازییەکان ناگرێتەوە، کە بریتین لە چەک، کەرەستە، تەقەمەنی، ئامێر، زانیاریی هەواڵگری و مەشقپێکردنی یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا. هەروەها بەشدارییەکانی بەرنامەی "PURL"ـیشی تێدا نییە، کە لە رێگەیەوە وڵاتانی ئەوروپا چەکی ئەمریکی دەکڕن و پێشکەشی ئۆکرانیای دەکەن.

20ـی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی ئۆکرانیا رایگەیاند، بودجەی وڵاتەکەی بڕە پارەیەکی پێوانەیی بە بەهای هەشت ملیار یۆرۆ لە چوارچێوەی میکانیزمی پشتیوانیی ئەوروپی بۆ ئۆکرانیا وەرگرتووە، کە نزیکەی پێنج ملیار یۆرۆی لە چوارچێوەی بەرنامەی قەرزی پشتیوانیی ئەوروپیدا بوو.

یەکێتیی ئەوروپا بەردەوامە لەوەی گەورەترین پشتیوانی دارایی کیێڤ بێت، بەجۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 43.6 ملیار دۆلاری ئەمریکی و لە شوباتی 2022ـەوە زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ئەمریکیی پێشکەش کردووە.

ئەو پێگەیە، تەرخانکردنی 100 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا لەناو بودجەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ حەوت ساڵی داهاتوو، ئەگەر پەسەندیش بکرێت، بەپێی خێرایی ئێستای تەمویلکردن، تەنیا بۆ نزیکەی دوو ساڵ بەس دەبێت.

18ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیازی کرد قەرزێکی دیکە بە گوژمەی 45 ملیار یۆرۆ لە ساڵی 2027 بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت، کە 20 ملیاری بۆ پشتیوانیکردنی بودجە و 25 ملیاری بۆ پێداویستییە سەربازییەکان تەرخان بکرێت.

سەرەڕای ئەوەش، لووتکەی ئەوروپا کە 27ـی تشرینی دووەم لە بروکسل کۆتایی هات، نەگەیشتە رێککەوتن لەسەر بودجەی درێژخایەن، ئەمەش پەسەندکردنی قەرزە نوێیەکەی پەکخست. بەپێی ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، چاوەڕوان دەکرێت دانوستاندنەکان لە لووتکەی 17 و 18ـی کانوونی یەکەمدا دەستپێبکەنەوە.

ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، 30.2 ملیار دۆلاری ئەمریکی هاوکاریی دارایی پێشکەشی کیێڤ کرد، بەڵام دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025، ئەو هاوکارییانە راگیران.

لە شوباتی 2022ـەوە، ئۆکرانیا 15.6 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، 10.6 ملیار لە ژاپۆن، 6.3 ملیار لە بانکی نێودەوڵەتی، 6.2 ملیار لە کەنەدا و 3.8 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە بەریتانیا وەرگرتووە.

هاوکات کیێڤ هاوکاری و قەرزی دوولایەنەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە پێگەیشتووە، لەوانە ئەڵمانیا بە نزیکەی 1.7 ملیار دۆلاری ئەمریکی، نەرویج بە 717 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و فەرەنسا بە 437 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

26ـی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی ئۆکرانیا رایگەیاند، 450 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییان لە رێگەی بەرنامەکانی بانکی نێودەوڵەتییەوە وەرگرتووە، کە 415 ملیۆن دۆلاریان بە قەرزی گەرەنتیی حکوومەتی ژاپۆن بووە.

لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ چەندین جار جەختیکردەوە، هاوکارییە رۆژئاواییەکان بۆ کیێڤ نابنە چارەسەرێک کە بتوانێت رێڕەوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بگۆڕێت.