سێنتکۆم بانگەشەکانی ئێران لەبارەی گەرووی هورمز رەت دەکاتەوە

سوپای ئەمریکا ئەو لێدوانانەی ئێرانی رەت کردەوە کە باس لە سەپاندنی باج بەسەر ئەو کەشتییانەدا دەکەن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە گەرووی هورمزیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ باجێک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە ئارادا نییە.

سێنتکۆم روونیکردەوە، هەوڵەکانیان ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا گەڕاندووەتەوە. جەختیکردەوە، سەرەڕای دەستدرێژییە بێ بنەماکانی ئێران، هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو بە ئازادی و سەلامەتی لەژێر پاراستنی ئەمریکادا بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەو بانگەشە نادروستانەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانەوە سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە.

سێنتکۆم لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "بانگەشە: سوپای ئەمریکا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی دزیوە و هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێکدا کە سەربازە ئەمریکییەکان خەوتبوون، کەشتییەکانیان گێڕاوەتەوە". بەڵام فەرماندەییەکە دەڵێت: راستییەکە ئەوەیە ئێران ئیتر هێزی دەریایی نەماوە و ئەو وەسفەی ئەو فەرماندە سەربازییە کردی، درۆیەکی هەڵبەستراوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە بانگەشەیەکی دیکەش نووسی: "بانگەشە: هێزی دەریایی ئێران چەند مانگێک لەمەوبەر هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن، ئەمەش هێزەکانی ئەمریکای ناچار کردووە داوای هاوکاری لە وڵاتانی ناوچەکە بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گواستنەوە". 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، راستییەکە ئەوەیە گرووپی فڕۆکەهەڵگرەکە بە تەواوی پارێزراوە و هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە هێرشی نەکراوەتە سەر، هەروەها گرووپەکە دوای تەواوکردنی ئەرکێکی سەربازیی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانگی رابردوو بە سەلامەتی گەڕایەوە ئەمریکا.