لە ئەفغانستان بەهۆی تەقینەوەیەک 7 قوتابی کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون

پۆلیسی ئەفغانستان رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە قوتابخانەیەکی ناوەندی لە ویلایەتی کۆنار لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە روویدا و بەهۆیەوە دەیان قوتابی کوژران و بریندار بوون.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرید دەقان، گوتەبێژی پۆلیسی کۆنار لەبارەی رووداوەکە روونیکردەوە: "تەقینەوەکە کاتژمێر 10ی بەیانی لە قوتابخانەیەک لە ناوچەی ئەندێرسێری ئەو ویلایەتە روویداوە".

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەفغانی رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە 7 قوتابی کوژران و 99 قوتابیی دیکەش بریندار بوون.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە رانەگەیەندراوە و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەش بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە.

هاوکات مەولانا داد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ویلایەتی کۆنار رایگەیاند، ئەو ئامارانە سەرەتایین و رەنگە لەگەڵ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتردا بگۆڕێن.

لەلایەکی دیکەوە مەولەوی سامی حەق، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە کۆنار بە جەزیرە رایگەیاند، تەقینەوەکە لە ماڵێکی نزیک قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە ناوچەی ئەندار سێری ویلایەتی کۆنار روویداوە.

ئەو بەڕێوەبەرە روونیکردەوە، ماڵەکە هی چەند کەسێکە کە لە بواری کانزاکاریدا کار دەکەن و تەقەمەنییان لەناو ماڵەکەدا هەڵگرتووە.

سامی حەق هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی رووداوەکە، لەوانە ژمارەی قوربانییان یان قەبارەی زیانەکان نەخستە روو.

لە مانگی ئابی رابردوودا زیاتر لە 40 منداڵ، کە تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 14 ساڵدا بوو، لە هێرشێکی بۆمبی دەستیدا بریندار بوون، کە کۆمەڵگەیەکی قوتابخانەی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستانی کردبووە ئامانج.