جووڵەی گەشتیاریی و بازرگانی لە دەروازەی باشماخ ئاساییە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، هاووڵاتیان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان ئاگاداردەکاتەوە کە دەروازەکە بەتەواوی کراوەیە و هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی تێیدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026،  دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک پەیجی سێبەر لەبارەی داخستنی دەروازەکەوە بڵاوکراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، هاووڵاتیان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان ئاگاداردەکاتەوە کە دەروازەکە بەتەواوی کراوەیە و هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی تێیدا بەردەوامە و  سەرجەم بنکە و بەشەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا دەبن.

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ هۆشداری دەدات کە هەر کەناڵ و پەیجێک زانیاریی نادروست بڵاوبکاتەوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

داواش لە گەشتیاران و بازرگانان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە راستی و دروستیی هەر هەواڵێک لەسەر دەروازەکە، تەنیا پشت بە پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ببەستن.