شانۆگەرییەکی کوردی بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی فەجر لە تاران هەڵبژێردرا

گرووپی شانۆی هەوار بە شانۆگەری "سەلمە"، کە دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە دوای بەشداری لە نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی مەریوان، وەک تاکە نمایشی بەشی نێودەوڵەتی ئەو فێستیڤاڵە هەڵبژێردراوە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی فەجر لە شاری تاران.

یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە ئاهەنگی کۆتایی نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی مەریوان، کە بەشدارییەکی نێودەوڵەتی تێدا بەڕێوەچوو، بە خۆشحاڵییەوە شانۆی "سەلمە"ی گرووپی شانۆی هەوار وەک تاکە نمایشی بەشی نێودەوڵەتی هەڵبژێردرا و پێشنیار کرا بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی فەجر لە تارانی پایتەختی ئێران."

نەجم سەبارەت بە نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی مەریوان گوتی، "بەشی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی شانۆی مەریوان، پێشبڕکێ و خەڵاتکردنی تێدا نەبوو، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی ئەو بەشە دەستنیشانکردنی یەک نمایش بووە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی فەجر؛ لە کۆتاییدا شانۆی "سەلمە" بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێردراوە."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "فێستیڤاڵی مەریوان تێیدا 40 گرووپی شانۆیی و نزیکەی 270 بەشداربوو بەشدارییان کردبوو. گروپە شانۆییەکان لە 25 پارێزگای ئێران و هەروەها لە وڵاتانی کوردستان و عێراق، تورکیا و رووسیا بەشدارییان تێدا کردووە و بە مەبەستی پەرەپێدانی شانۆی شەقام، بەهێزکردنی پەیوەندییە هونەرییەکان و ناساندنی تواناکانی شانۆیی و کولتووری ناوچەکە بەڕێوەچووە و بەشە جیاوازەکانی شانۆی ئازاد، منداڵان و گەنجان، نەریتی و کۆنەیی و بەشی نێودەوڵەتی لەخۆگرتووە."

سەبارەت بە فێستیڤاڵی فەجر لە تاران، نەژاد نەجم دەڵێت، "هەروەها فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی فەجر یەکێکە لە فێستیڤاڵە شانۆییە گرنگەکانی ئێران، ساڵانە لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت و شانۆکاران و گرووپە شانۆییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران کۆدەکاتەوە."

نەژاد نەجم گوتیشی، "ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی بەرهەمە شانۆییە جیاوازەکان، ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هونەری و ناساندنی توانای شانۆکاران و گروپە شانۆییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەروەها بەشداریی شانۆگەری "سەلمە" لەم فێستیڤاڵەدا، دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو نمایشە لە بەشی نێودەوڵەتی نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی مەریوانە."

ئەو دەرهێنەرە باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکی نمایشی "سەلمە"، هەوڵدەدات بە زمانی شانۆ، بیرەوەریی قوربانییان زیندوو بڕەوێنێتەوە و رووناکی بخاتە سەر ئەو ئازار و زیانانەی کە بەسەر هەزاران خێزان و نەوەکانی کورددا هاتوون. هەروەها نمایشەکە پەیامێکی مرۆیی و جیهانی هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی یادەوەریی قوربانییان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا."

شانۆگەری "سەلمە"، لە نووسینی د. دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە. هەروەها هەوار فارس  رۆڵی سەرەکی لەو نمایشە دەگێڕێت، لەگەڵ ستافێکی تەکنیکی و بەڕێوەبەری بەرهەم، لە بەرهەمهێنانی ئەم کارەدا بەشدارییان کردووە.