تاران پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی رەت دەکاتەوە

ئێران جارێکی دیکە جەختدەکاتەوە، رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادات پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە بکات.

 یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مافی ئەوەی نییە داوای پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکات رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، ئەگەر پێشتر ئەو هێرشە سەربازییانەی سەر دامەزراوەکانی شەرمەزار نەکردبێت."

لەلایەکی دیکەوە، رەزا نەجەفی، نوێنەری ئێران لە ڤیەننا هەفتەی رابردوو بیانووی وڵاتەکەی بۆ رێگریکردن لە هاتنی پشکنەرانی ئاژانس بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکان روونیکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو زانیارییانەی ئاژانس کۆیان دەکاتەوە، لەوانەیە بۆ هێرشی نوێ بەکاربهێنرێن.

نەجەفی پێیوایە دەبێت ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانس مامەڵە لەگەڵ هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، کە پابەندی رێککەوتننامەکانن، هەروەها مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشە ئاشکرایانە بکات باسی دووبارەکردنەوەی هێرشەکان دەکەن، بەپێچەوانەوە ئاژانس متمانەی خۆی لەدەست دەدات.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەم ماوەیەی رابردوودا چەند جارێک جەختیکردووەتەوە کە نەیتوانیوە سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمیانە بکات و پشکنینیان بۆ بکات 28ـی شوباتی رابردوو، واتە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، رووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە. ئاژانسەکە داوای گەڕانەوەی پشکنەرەکانی کردووە بەمەبەستی دروستکردنی وێنەیەکی روون لەسەر دۆخی ئەو دامەزراوانە.

لە بەرامبەردا، تاران چەند جارێک رایگەیاندووە کە ئاژانسەکە بە روونی شەڕی دژی ئێرانی شەرمەزار نەکردووە و پێیوایە هەڵوێستی ئاژانسەکە لایەنگرییەکی روون و پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ شەڕەکە.

تاران بانگەشەی ئەوەش دەکات زیانەکانی بەهۆی ململانێکە دروستبوون، ئێستا رێگرن لەوەی پشکنەرانی ئاژانس بتوانن بچنە ناو ئەو دامەزراوانە.