لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بۆ کوردستان24 لەبارەی دانوستانی ئەمریکا و ئێران
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، تاهیر ئەندارابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، لەبارەی دانوستانی راستەوخۆی هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد، بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەم گەڕەی دانوستانە جیاوازە و ناتوانین پێشبینی بکەین دەگەنە رێککەوتن یان نا، بەڵام گەشبینین کۆبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی دەبێت".
لە وەڵامی پرسیاری، "ئەگەر ئەمڕۆ دانوستانەکان ئەنجامی نەبوو، ئیسلام ئاباد میوانداریی هیچ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان دەکات؟" گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان گوتی "ئامادەین بۆ میوانداریکی هەر گەڕێکی دیکەی دانوستان، بەڵام جارێ نازانین هیچ گەڕێکی دیکە بەڕێوەدەچێت یان نا".
ئەندارابی باسی لەوەش کرد، دوای تەواوبوونی دانوستانی راستەوخۆی ئەمڕۆ نێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران؛ بەرپرسانی پاکستان راگەیەنراوێکی فەرمی بۆ رای گشتی و میدیاکان بڵاودەکەنەوە.