له‌ باره‌ی ژنانی ئێزدییه‌وه‌ داوایه‌ك له‌ به‌ریتانیا ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

داوا لە بەریتانیا دەکرێت، مافی پەنابەرێتی بداتە ژنانی کوردی ئێزیدی کە لەدەست داعش رزگار کراون و ھاوکاری بکرێن و بخرێنە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.

به‌ گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی، داکۆکیکاران و چالاکوانانی بواری مافەکانی ئافرەت لە بەریتانیا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن کە نزیکەی ١٠٠ ئافرەتی ئێزدی کە تازە لەدەست چەکدارانی داعش رزگار کراون، لەخۆ بگرێت و مافی پەنابەرێتیان بداتێ و ھەروەھا لەرووی دەروونیشەوە ھاوکاری بکرێن.

جاکلین ئایزاك، کە یەکێکە لە چالاکوانە بەریتانییەکانی ئەو داوایەی پێشکەش بە حکومەتەکەی کردووە رایگەیاند سەرەڕای ئەوەی بە سەدان کچ و ئافرەتی ئێزدی لەلایەن ھەرێمی کوردستان رزگارکراون، بەڵام ئەو ئافرەتانە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی ورد ھەیە، بەتایبەتی لەرووی دەروونییەوە.

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی ژمارەی کچ و ئافرەتانی ژێردەستی داعش، ئەو رێکخراوە ئاشکرای کردووە ھێشتا نزیکەی سێ ھەزار و ٥٠٠ کچ و ئافرەتی ئێزیدی لەژێردەستی داعشدا ماون.