عێراق: ئێران پیلانی تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودیە دادەڕێژێت
بەرپرسێكی ھەواڵگریی عێراق: میلیشیا شیعییەكان پیلانی تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودیە لە بەغدا جێبەجێ دەكەن
بە گوێرەی ھەواڵێكی رۆژنامەی (ئەلشەرق شەلئەوسەت)، ئێران پیلانێكی بۆ تیرۆركردنی ثامر ئەلسەبھان، باڵیۆزی سعوودیە لە عێراق داڕشتووە و ئەنجامدانی كردەوەكەیشی بە ھەندێ میلیشیای شیعی سپاردووە.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی، سێ پیلانی جیاواز ھەبوون بۆ تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودیە، كە دووانیان ئاشكرا كراون و پووچەڵ كراونەتەوە، كە ئامانجیان دروستكردنی قەیرانێكی سیاسی و دیبلۆماسی بووە لە نێوان عێراق و سعوودیە.
سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەكات، ئەو میلیشیا شیعییانەی ھەوڵی تیرۆركردنی باڵیۆزی سعوودییەیان داوە، راستەوخۆ سەر بە ئێرانن، دیارترینیشیان (كەتائیبی خۆراسان) و گرووپی ئەوس ئەلخەفاجی، ئەمینداری گشتیی ھێزەكانی (ئەبوفەزل ئەلعەباس)، كە پێكھاتێكی دیاری ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە.
بەرپرسێكی ئەمنی عێراقیش، كە لە دەزگای ھەواڵگری كار دەكات، ھەندێ زانیاریی پیلانی تیرۆركردنی ئەلسەبھانی ئاشكرا كردووە و ئاماژەی بەوە كردووە، گرووپێكی ھەشت كەسی سەر بە كەتیبەی خوراسان، بە نیاز بوون بە سواری چەند ئۆتۆمبێلێك بە تابلۆی ساختەی وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر ڕێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەر بە كەژاوەی باڵیۆز بگرن و بە چەكی ئاڕ بی جی و دژە تانك ھێرش بكەنە سەر كەژاوەكە. دوای كردەوەكەش، بەرەو ناوچەی رەزوانییەی سووننی رابكەن، بۆ ئەوەی سەر لە دەزگا ئەمنییەكان بشێوێنن لە بارەی لایەنی ئەنجامدەری كردەوەكە، یان بیخەنە ئەستۆی داعش.
بە قسەی ئەو بەرپرسە ئەمنییە، نامەیەك لە گرووپەكەی كەتائیبی خوراسان بۆ فەرمانبەرێكی فڕۆكەخانە نێردراوە و ئەوان كۆنتڕۆڵیان كردووە و فەرمانبەرەكەیان دۆزیوەتەوە و دوای دەستگركردنی، دانی بەوەدا ناوە كە بەرامبەر بڕێك پارە ھاوكاری گرووپەكەی خوراسانی كردووە. ھەروەھا دانی بەوەدا ناوە كە ئەفسەرێكی ئێرانی پیلانەكەی داڕشتووە و سەرپەرشتی جێبەجێكردنی كردووە.
لەلایەكی دیكە، باڵیۆزی سعوودیە داوای لە وەزارەتی بەرگریی عێراق كردووە بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ فڕۆكەخانە، ھێلیكۆپتەرێكی بۆ دابین بكەن، بەڵام بە قسەی سەرچاوە ئەمنییەكە، وەزارەتی بەرگری داواكارییەكەی رەت كردووەتەوە.